ھەر ھۆلێک یاریزانی تێدا دروست نەبێت شوێنی بازرگانییە

ھەر ھۆلێک یاریزانی تێدا دروست نەبێت شوێنی بازرگانییە
ئازادحەمزە پاڵەوانی لەشجوانی کوردستان
ھەر ھۆلێک یاریزانی تێدا دروست نەبێت شوێنی بازرگانییە
قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای ھەولێر یەکێک لەم قەزایانەی کە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لە یارییە جۆراوجۆرەکان یەکێک لەم یاریزانە بەتوانایانەش ئازادحەمزەیە کە یەکێک لە پاڵەوانەکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق لە یاری لەش جوانی، ئازاد خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لە پاڵەوانیەتیەکان ئەو تاکو ئێستا بۆ ھیچ یانەیەک یاری نەکردووە تەنیا بۆ ھۆڵەکانی فیدراڵ وئەحمەد ڕامبۆ بۆ ئەم ھۆڵەش ئەنجامەکانی بەرچاو بوونە، ناوبراو ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانی جیھانی و بەدەست ھێنانی ئەنجامی شایستەتر بۆ ھەرێمی کوردستان ھەرچەندە گرفتی داراییشی ھەیە بەڵام ئەو بەھیوایە یەکێک بتوانێ ھاوکاری بکات و بتوانی ناوی کوردستان بەرز بکاتەوە، ئازادحەمزە لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٩ لە قەزای خەبات چاوی بەدونیا ھەڵھێناوە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی ناوبراو کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ئاستی یاری لەشجوانی بە شێوەیەکی گشتی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-بەشێوەیەکی گشتی ئاستی یاری لەشجوانی لە ئاستی باشدا دەبینم ، وە چەندین یاریزان و پاڵەوانی نوێ ھاتونەتە نێو دونیای ئەم وەرزشە ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەم یارییە لە پێشکەوتن دایە .
* بە بۆچوونی تۆ وەکو پاڵەوانێک، چی بکرێت باشە بۆ بەرەوو پێش چوونی ئەم یارییە؟
-وەکو یاریزانێک پێم باشە یەکێتیی لەشجوانی کوردستان زیاتر پەرە بەم پاڵەوانانە بدات کە پلەی یەکەم بەدەست دێنن لە رووی ناساندنیان بە ھەوادارانی ئەم یارییە، یاخود درووست کردنی سیمینار و چاوپێکەوتن لە راگەیاندنەکان چونکە بەڕاستی پێویستە لە رووی ڕاگەیاندن زیاتر پەرە بەم وەرزشە بدرێت زۆر پاڵەوان ھەن پلەی یەکەم بەدەست دەھێنن کەچی ناویان ھەر نییە و کەس نایانناسی.
* کردنەوەی پاڵەوانێتی ساڵانە یەک جار ئایا دەبێتە ھۆکار بۆ پێشوەچوونی ئەم یارییە؟
-ڕاستە ھەر چەند پاڵەوانیەتی زیاتر بێت یاریزانی بەتوانا و پاڵەوانەکان زیاتر درووست دەبن، بەڵام سروشتی ئەم وەرزشە وایە یاریزان لە سالێک توانای یەک دوو پاڵەوانیەتی ھەیە بەشداری بکات، چونکە بۆ ھەر پاڵەوانیەتیەک یاریزان دەبێ ٣ مانگ پێشووتر دەست بە ئامادەکاری بکات .
* گرفتی یاری لەشجوانی لە چی دەبینی؟
-ئەوەی ڕاستی بێت لای من گرفتی یاری لەشجوانی لەم خاڵە ڕەنگ دەداتەوە ، وە زۆربەی یاریزانان لەسەر ئەستۆی خۆیان ئامادەکاری دەکەن بۆ پاڵەوانیەتی و ھیچ پاڵپشتی ناکرێن لە رووی مادی وە مەعنەویش ئەمەش ڕەنگە بۆ ھەموو یاریزانێک نە گونجێت ئەو ھەموو ئامادەکارییە لەسەر گیرفانی خۆی بکات، ئەمەش گرفت بۆ یاریزانان و پاڵەوانان درووست دەکات و ناتوانن بەردەوام بن.
*کردنەوەی ئەم ھۆڵانە تا چەند لایەنێکی خزمەتە و ئەوی تری بارزگانی؟
-من رێزم بۆ ھەموو ھۆلێک ھەیە کۆمەلێک ھۆڵی سەرکەوتوومان ھەیە، بەڵام بەڕاستی ئێستا زۆرێک لە ھۆڵەکان ئەوەندەی بۆ بارزگانی بەرکاردێن ئەوەندە بۆ خودی وەرزشەکە بە کار ناێین ھەر ھۆلێک یاریزانی تێدا دروست نەبێت شوێنی بازرگانییە.
* ھەست ناکەی ئێستا ئەم یارییە زیاتر پەرەی ساندوە لە ناو چینی گەنجان؟
-یاری لەشجوانی لە ئێستادا لە پێشکەوتنێکی بەرچاودایە و گەنجان و لاوان بە گشتیی ڕوو لەم یارییە دەکەن، ئەمەش خالێکی زۆر گرنگە چونکە کۆمەڵگا بە وەرزش زیاتر پێشکەوتووتر و تەندروست تر دەبێت.
* بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
-بەرنامەی من ئەوەیە بۆ داھاتوو بتوانم ھاوکاری ئەو برا پێشمەرگانە بکەم کەوا پێویستیان بە چارەسەری سروشتی ھەیە بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر چونکە ھەموومان قەرزاری پێشمەرگەین.
* دەلێن بڕیارە لەسەر گیرفانی خۆت بەشداری پاڵەوانێتێکی نێودەوڵەتی بکەی؟
-من لەیەکەم بەشداریکردنم لە پاڵەوانیەتی تاکو کۆتایی پاڵەوانیەتیم ھەمووی لەسەر گیرفانی خۆم بووە ، ڕەنگە زۆر جار مادی رێگر بووبێت لە بەشداری کردنم لە پاڵەوانیەتی ، بەڵام کۆڵم نەداوە ھەر چۆنێک بێت بەشداریم کردووە، بەڵام ئەمجارە ئەگەر بۆ پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی پشتگیریم نەکرێت ڕەنگە نەتوانم بەشدارببم لە پاڵەوانیەتی جیھانی.
* تاچەند بەکارھێنانی دەرمانی وزە بەخش کاریگەری دەبێت لەسەر یاریزانانی لەش جوانی ، ئایا ئێوە بەکاری دەھێنن وەکو یاریزانان؟
-بەکارھێنانی دەرمانی وزە بەخش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر یاریزان لە ئێستادا ھەر یاریزانێک شوێنی دەرمانی وزە بەخش لە جەستەیەوە دیار بێت لەلایەن یەکێتی لەشجوانی دوور دەخرێتەوە لە پاڵەوانیەتیەکان و بەشدار نابێت، من بەھیچ شێوەیەک بەکاری ناھێنم.
* باشترین ئەنجامەکانت چین وەکو یاریزان و پاڵەوانێک؟
-خاوەنی ١١ بڕوانامەم لە ساڵی ٢٠٠٦پلەی یەکەمم لە ھێزی لەش لەسەر ئاستی کوردستان و ھەولێرو عێراق چەندین ئەنجامی بەرچاوم بەدەستھێناوە ، جگە لەوەش بڕوانامەی ڕاھێنەریم بەدەست ھێناوە ،ئەمساڵیش لەسەر ئاستی کوردستان لەکێشی خۆم پلەی یەکەمم بەدەستھێناوە ، خاوەنی چەندین بڕوانامەی جۆراوجۆرم لەسەر ئاستی ئەم یارییە.
* لە جیھان بەچ یاریزانێکی لەشجوانی زۆر سەرسامی؟
-سەرسامم بە ئاستی ئارنۆلد و فلیکس ویلر.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-لەکۆتایدا زۆر سوپاسی بێست بۆدی سەنتەر دەکەم کاپتن ئەحمەد ئەحمەد کە زۆر پاڵپشت و ھاوکاربوون و سوپاسی لیوا سەربەست بەرێوەبەرمان دەکەم کە زۆر ھاوکارمانە وەکو وەرزشوانان زۆر سوپاسی دایکی خۆشەویستم دەکەم، بە ھیوای ئەوەشم گۆڤاری گوڵان ھەمیشە پێشەنگ بێت لە ناساندنی پاڵەوانن چونکە لە ئێستادا پاڵەوانان پێویستیان بە ناساندنە.

Top