كۆچی دوایكردنی سەڵاح محەمەد كەریم كاردانەوەیەكی زۆری بە دوای خۆی هێنا

كۆچی دوایكردنی سەڵاح محەمەد كەریم كاردانەوەیەكی زۆری بە دوای خۆی هێنا
دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممە بەهۆی رووداوێكی هاتووچوو سێ كەسایەتی وەرزشی دیاری كوردستان كۆچی دوایان كرد، كە هەریەكە لە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پێشوو سەڵاح محەمەد كەریم و سەرۆكی پێشووی یەكێتی گۆرەپان و مەیدانی عێراق د.عاصی فاتح وەیس و یاریزانی پێشووی تێنسی سەرمێز و سەرۆكی یەكێتی تێنسی سەرمێزی لقی سلێمانی ئاسۆ دەروێش بوو.
كۆچی دوایكردنی سەڵاح محەمەد كەریم كاردانەوەیەكی زۆری هەبوو لە نێو عێراقدا، كە تیاییدا وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق عەبدولحوسێن عەبتان پرسنامەی سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی كۆچكردوو كرد و گوتی: عێراق كەسایەتییەكی دیاری وەرزشی لە بواری ناوبژیوانی و یاساكانی لە دەستدا، چونكە ناوبراو خزمەتێكی زۆری بواری وەرزشی عێراق-ی كردووە.
یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەهەمان شێوە هاوخەمی خۆی راگەیاند و بریاری دا ئەمرۆ سێشەممە كاتژمێر 4ی ئێوارە پرسە بۆ خوالێخۆشبوو لە شاری بەغداد لە هۆڵی داخراوی شەعب ئەنجام بدات، چونكە خزمەتێكی زۆری بواری تۆپی پێی عێراق-ی كردووە.
هاوكات لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق پرسەی سەرخۆشی ئاراستەی خانەوادی خوالێخۆشبوو كرد و گوتی: خانەوادەی وەرزشی عێراق و تۆپی پێی عێراق كەسایەتیەكی دیاری بواری ناوبژیوانی لە دەستدا.
وهەروەها زۆربەی ناوبژیوانانەكانی پێشوو و ئێستا هاوخەمی خۆیان لەسەر كۆچكردنی سەڵاح محەمەد كەریم راگەیاند و تەئكیدیان لەوە كردووە، كە خوالێخۆشبی خزمەتێكی بەرچاوی بواری وەرزش-ی عێراق كردووە.
لە كوردستانیش كۆچی دوایكردنی ئەم سێ كەسایتیە وەرزشیە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و یانەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و زێرەڤانی هاوخەمی خۆیان راگەیاند و هەروەها زۆربەی یانەكان و یەكێتیە وەرزشیەكانی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی هەر سێ خانەوادەی كۆچكردوو كرد.
رێبین رەمزی
Top