سەمیر بابۆ: بۆ بە دەستهێنانی نازناوەكە یاری دەكەین

سەمیر بابۆ: بۆ بە دەستهێنانی نازناوەكە یاری دەكەین
رۆژی هەینی لە هۆڵی كۆنگرەكانی یانەی هەولێر، كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بە جیا بۆ (سەمیر بابۆ و شوان مامۆ) ڕاهێنەر و كاپتنی یانەی پێشمەرگەی هەولێر و (یوسف كاكێ‌ و دیار ڕەحمان) ڕاهێنەر و كاپتنی یانەی هەولێر ساز كرا، كە بڕیارە رۆژی شەممە لە یارییەكی چارەنووسساز و لە كۆتا هەفتەی خولی نایابی فاستلینكی كوردستان، لە كاتژمێر 6:30 ـی ئێوارە لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بە یەك بگەن.
لە بارەی ئامادەكارییەكانی تیپەكەی (سەمیر بابۆ) بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەكان گوتی: "پێش هەموو شتێك لە یارییەكەی سبەی ئەركی هەموو لایەكمانە، ڕوویەكی جوانی شاری هەولێر پیشانی دەرەوە بدەین، لە بارەی تیپەكەشم ئامادەكارییەكی باشمان كردووە، بە تایبەت گەڕانەوەی چەند یاریزانێكمان لە پێكان، لە سەرووی هەموشیانەوە (كاوە حەسۆ) گۆڵپارێز و (شوان مامۆ) كاپتنی یانەكەمان، لە %50 یاریزانەكانی پێشمەرگەی هەولێر و ستافی ڕاهێنەران، ساڵانێك لە یانەی هەولێر خزمەتمان كردووە و هەردوو یانە هەمان قوتابخانەیە، بۆیە ئەو تیپەی سبەی باشتر یاری كرد و شایستە بوو، جامەكەی پیرۆزبێ‌، لەگەڵا ئەوەیشدا ئێمە بۆ بردنەوەی ناسناوەكە دێنە یاریگە، پێموایە پێشمەرگەی هەولێر زیاتر تامەزرۆی بردنەوەیە.
(شوان مامۆ) كاپتنی یانەكەیش لە بارەی ئامادەباشی خۆی و هاورێكانی گوتی: هیوادارم لە یارییەكەی سبەی هیچ توندوتیژییەك روِونەدات، سوپاس بۆ خوا خۆم و هەموو برادەرانیشم ئامادەین و بۆ بردنەوەی جامەكە دێنە یاریگە، چونكە ئەوە خەونی هەموو یاریزانێكە، هەرچەندە یانەی هەولێر یانەیەكی گەورەیە، بەڵام خۆشحاڵ دەبم ئەگەر سێیەم نازناو لەگەڵ سێ‌ یانەی جیاواز ببەمەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەمیر بابۆ گوتی: بە داخەوە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئێستا بەهیچ شێوەیەك نە پاڵپشتی كردووین و نە هاوكاری كردووین، بەڵام لە رێگەی هاورییەكی خۆشەویست توانیمان مووچەی دوو مانگی یانەكە دابین بكەین، بۆیە رۆژی شەممە یارییەكەمان بەرانبەر یانەی هەولێر ئەنجام دەدین.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: محەمەد سەعدوڵڵا
Top