یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەهەوڵدایە بۆندی یاریزانی باڵی تیپەكەی گاریس بیل بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە درێژبكاتەوە بەمەبەستی گرەنتی مانەوەی لەریزەكانی یانەی شاهانە. لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئاماژەی بۆئەوەكردوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆندی گاریس بیلی كردۆتە ئامانج بەمەبەستی نوێكردنەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵی تر تا لەگەڵ یانەی شاهانە بمێنێتەوە تا ساڵی 2021. ئەم هەوڵەی یانەی شاهانە دوای ئەوە هات بەرێوەبەری كارەكانی گاریس بیل لەچەند ڕۆژی رابردوو دانووستانی لەگەڵ یانەكە دەست پێكرد بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەمەر بۆندە تازەكە، بەڵام ئەو یاریزانە وێڵزیە مەرجی ئەوەی خستۆتە بەردەم یانەی شاهانە ئەویش پێدانی هەمان برە مووچەی یاریزان كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالیە لەنزیك ترین دەرفەتدا تا ساڵی 2021. لەلایەن خۆیەوە یانەی ریال مەدرید ئامادەیی نیشانداوە بۆ گەیشتن بەرێككەوتن لەو دانووستانەی یانەكە لەگەڵ یاریزانی ناوبراو دەستی پێكردوە بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی بۆ ماوەی دوو ساڵی تر كە لەساڵی 2019 بەكۆتا دێـت و بڕی مووچەی مانگانەی 20 ملیۆن یۆرۆش بەو یاریزانە بدات بۆ تەنیا وەرزێك. بەمەش گەر یانەی شاهانە سەركەوتوو بوو لەنوێكردنەوەی بۆندی بێل ئەوا دەبێتە دووەم گرانترین یاریزان لەرووی مووچە لەیانەكە و مووچەكەی بەدە ملیۆن یۆرۆ لە سێرجیۆ رامۆس بەرزتردەبێت. ئەو هەواڵەی یانەی شاهانە بۆ وەشاندنی گورزێكە لەهەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و بایرەن میونشن كە لەهەوڵدان بۆ سەرنج راكێشانی یاریزانی ناوبراو بۆ دەست بەرداربوونی لە یانەی شاهانە لەهاوینی داهاتوو.