بێریڤان جەلال: ئاواتەخوازم ببم بە راهێنەر و خزمەت بە وەرزشی كوردستان بكەم

بێریڤان جەلال: ئاواتەخوازم ببم بە راهێنەر و  خزمەت بە وەرزشی كوردستان بكەم
بێریڤان جەلال یاریزانی تۆپی فوتساڵی یانەی ئەفرۆدێت:

شاری سلێمانی ساڵانێكە جێگەی پێگەیاندنی چەندین یاریزانی بەتوانا بووە لە ئاستی كچان كە یانەكانی دەرەوەی شارەكە سوودیان لە تواناكانی رۆڵەكانی ئەم شارە وەرگرتووە. یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی ئەم شارە كچە یاریزانی تیپی فوتساڵی ئەفرۆدێت بێریڤان جەلال-ـە، لەم وەرزە لە خولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان رۆڵی كارای بینی لە بەدەستهێنانی پلەی دووەمی خولەكە و توانیویەتی لەگەڵ یانەكەی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات. بێریڤان لەدایكبووی ساڵی 1995ی شاری سلێمانییە و قوتابی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانكۆی هەڵەبجەی شەهید، پێشووتریش لەگەڵ یانەی ئەفرۆدیت چەندین ئەنجامی شایستەی بەدەستهێناوە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی

* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی؟
- بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابڕدوو لە ئێستادا ئاستی یاری فوتستاڵ پێشكەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، واتە ئاستی تیپەكان بەرەوپێش چووە و خۆلمان بۆ دەكرێتەوە، ئەمش دەبێتە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستمان.
* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەو پێش نەچێت؟
-بێگومان نەبوونی پاڵەوانێتی هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دابەزاندنی ئاستی تیپەكان، چونكە لە كوردستان هەتا دڵنیا نەبن لە كردنەوەی پاڵەوانێتی تیپەكان، راهێنانی باش ئەنجام نادەن، ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئەم یارییە بەرەو پێش نەچێت و ئاستەكەی لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی یاری فوتساڵ ئاستی بەرز بێتەوە؟
- پێویستە قوتابخانەیەك بكرێتەوە بۆ پێگەیاندنی یاریزان لە تەمەنی منداڵییەوە لەلایەن كەسانی ئەكادیمییەوە، جگە لەمەش كردنەوەی پاڵەوانێتی زیاتر بۆ تیپەكان زۆر گرنگە و ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی ئاستی یاریزانان و یارییەكە بەرز ببێتەوە.
* گرفتی یارییەكانی فوتساڵ بۆ كچان لە چیدا دەبینی؟
-نەبوونی یاریگای پێویست و كەمی گرنگیدان بە یاریزانانی كچ ئەوانە هەمووی گرفتە بۆ یاری فوتساڵ و بەتایبەتی بۆ كچان.
* لەهیچ یانەیەك گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
-تاكو ئێستا هیچ گرێبەستێكم بۆ نەهاتووە.
* بۆ داهاتووی خۆت بەنیازی چیت؟
-ئاواتخەوازم لە داهاتوودا ببم بە راهێنەر، لەم رێگایەشەوە خزمەت بە وەرزشكارانی كوردستان و وەرزشی كوردستان بكەم.
* تا چەند لەگەڵ ئەوەی یانەكانی پشت بە راهێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نیم، چونكە ئێمە هەم لە رووی راهێنەرەوە، هەم لە رووی یاریزانانیشەوە خاوەن توانایەكی زۆر باشین، بۆیە پشت ببەستین بە خۆمان باشترە وەكو لە یاریزانانی بیانی.
* لە خێزانەكەت بەتەنیا تۆ وەرزشوانی، یان كەسانی تریش هەیە كە وەرزشوان بن؟
-ئێمە خانەوادەیەكی وەرزشیین و حەزمان بە وەرزشە و برا گەورەكەشم یاریزانە.
* داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
-بەهیوای ئەوەم بەرپرسان زیاتر گرنگی بە وەرزشی كچان بدەن و پاڵەوانێتیەكان لە كاتی خۆیدا بكەنەوە بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی كوردستان لە پێشڤەچووندا بێت و قۆناغی باش ببڕێت.
* چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەفرۆدیت كرد؟
-دوای ئەوەی من لەم یارییە ئاستم باش بوو مامۆستایەكم توانا و ئاستی منی پێ باش بوو بۆیە منی گەیاندە یانەی ئەفرۆدێت، ئێستاش لەم یانەیە درێژە بە كاروانی وەرزشیم دەدەم.
* وەكو یاریزان خەونی وەرزشیت چیە ؟
-نەك هەر خەونی من، بەڵكو خەونی هەموو یاریزانێك ئەوەیە كە باشترین یاریزان بێت لەم یارییەی كە هەڵیبژاردوە و سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
*لە هەڵبژاردەی عێراق داواكراوی؟
- بەلێ داواكراوم بە هیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامی شایستە پێشكەش بكەم، ببمە جێگای متمانەی دەستەی راهێنەران، بڕیاریشە لەم مانگە لە وڵاتی مالیزیا بەشداری خولێك بكەین لەسەر ئاستی ئاسیا.
* هیواو ئاواتت لەم یارییە؟
-بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان و بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باش لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە ئاواتی منە.
*بە كام یاریزانی جیهانی سەرسامیت؟
-لە ئاستی كچان بە كچە یاریزانی ئەمریكی كریگیر و لە ئاستی كوڕانیش بە كریستبانۆ رۆناڵدۆ.
* ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- لەم مینبەرەوە دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەوكەسانە بكەم كە هاوكارییان كردووم، سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.
Top