ئەرسەلان جەلال: یاری بەرانبەر دهۆك چارەنوسازە بۆ یانەكەمان!!
هەرچەندە یانەی نەورۆز هیچ هیوایەكی بۆ سەركەوتن بۆ قۆناغی كۆتایی نەماوە، بەڵام قسە و باسێكی زۆر لەسەر ئەنجامنەدانی مەشق لە لایەن یاریزانانی یانەی نەورۆز دەكرا بە بیانۆی ئەوەی یارییەكە بۆ تیپەكەیان هیچ گرنگ نییە، لەمباریەوە ئەرسەلان جەلال راهێنەری یانەی نەورۆز ئەم هەواڵانەی بە درۆ خستەوە و تەئكیدی لەوە كردووە، كە لەم یارییە بۆ بردنەوە یاری دەكەن و گوتی: لەگەڵ دەرچوونمان لە ركابەرییەكانی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان و نەمانی هیوای سەركەوتن بۆ تیپەكەمان، بە دەستەی كارگێری یانەكە راگەیاند، كە گشت بەرپرسیاریەتی سەرنەكەوتن لە ئەستۆی منە بۆیە نابێت هیچ یاریزانێك تووشی سزای دارایی بێت لە لایەن دەستەی كارگێری یانەكە، بەڵام لە مەشقی رۆژانە بە یاریزانەكانم راگەیاند، ئەگەر لە یاری بەرانبەر دهۆك تووشی دۆران بین ئەوە بەتونترین شێوە سزای دارایی دەدرێن، چونكە دەبێت بۆ خەڵكی بسلمەێنین، كە سەرنەكەوتنمان بۆ قۆناغی داهاتوو بەهۆی خراپی ئاست نەبووە، بەڵكو تۆپی پێی هەموو شتێكی لێ چاوەروان دەكرێت.
سەبارەت بە ئەنجامنەدانی مەشق، ئەرسەلان جەلال گوتی: لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكەمان بەرانبەر یانەی گارە، هەموو رۆژێك تیپەكە مەشقی خۆی ئەنجامداوە و بەشێوەیەكی زۆر باش خۆمان بۆ یاری دهۆك ئامادە كردووە، هەرچەندە لەم یارییە چوار یاریزانی سەرەكی تیپەكەمان یاری ناكەن بەهۆی وەرگرتنی كارتی زەرد و سزای یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و پێكان، بەلام ئەمە نابێتە رێگەر لە بەردەم بە دەستهێنانی ئەنجامێكی باش لەم یارییە، چونكە ئێمە رازی نابین، كە ببینە هۆكاری سەركەوتنی تیپێك لە شوێنی تیپێكی تر.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەرسەلان جەلال گوتی: ررەوەشتی ئێمە و یانەكەمان تەقبوولی ئەوە ناكات، كە یاری بە ئەنجامی یارییەكانی خولەكە بكەین، ئەگەر دەستەی كارگێری یانەكەش پێم بڵی ئەم كارە بكە ئەوە خۆم قبوولی ئەم شتە ناكەم، بۆیە لەم یارییە وەكو یارییەكی گرنگ و چارەنووساز یاری دەكەین.
رێبین رەمزی
