خەونی گەورەم ئەوەیە لە ژێر ئاڵای كوردستان لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بەشداری بكەین

خەونی گەورەم ئەوەیە لە ژێر ئاڵای كوردستان لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بەشداری بكەین
رێبوار محیەدین جەباری راهێنەری پێشووی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر:

مامۆستا رێبوار جەباری یەكێكە لە راهێنەرە هەر بەتواناكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقە لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان و رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە دروستكردنی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی كچان لە شاری هەولێر و پێگەیاندنی چەندین كچە یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی شاری هەولێر كە زۆربەی كات بە ئاستە بەرزەكانیان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق ژمارەیەكی گەورە بوون. رێبوار جەباری پێشووتر لە ریزی یانەی وەرزشی هەولێر راهێنەری تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەكە بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ماوەیەكە وازی لە كاری راهێنەری هێناوە، ئێستاش تەنیا راهێنەری هەڵبژاردەی كچانی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقە. ناوبراو لەدایكبووی ساڵی1980ی شاری هەولێرە و دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە و بەڕێوەبەری كارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی–یە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.

دیمانە: كارزان كانەبی

* ماوەیەكە دووری لە كاری وەرزشی لە كاری راهێنەری ناتبینین، هۆكاری ئەوە چییە؟
- بەهۆی ئەوە دوورم كە وازم لە كاری راهێنەری هێناوە، ئەمە هۆكارەكەیەتی، هەروەها قەیرانی دارایی وایكرد كە واز بهێنم، گەرچی بۆ ماوەی ساڵێك زیاتریش بەردەوام بووین، بەڵام لە كۆتایی بێ هیوا بووین لە چارەسەركردن.
* ئایا وەكو راهێنەر پێوەندیت لەگەڵ یانەی وەرزشی هەولێر ماوە؟
- هەرگیز ناتوانم لە یانەی هەولێر داببڕێم، بەڵام ئێستا وەكو ئەندامێك لەم یانەیە ماوم، نەك وەكو راهێنەر.
* ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- لە شاری هەولێری پایتەختی كوردستان، یانە نەماوە لەم یارییە، بەڵام یاریزان زۆرن، لە دهۆكیش یانە نییە، تەنیا یاریزان هەیە، بەڵام لە سلێمانی دوو یانەی بەهێز هەن پێشمەرگە و سیروانی نوێ.
* پێتوایە چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم یارییە هەستێتەوە؟
- تا بارودۆخی دارایی باش نەبێت، زەحمەتە وەرزش بگەرێتەوە ئاستی جارانی خۆی .
* هەست ناكەی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان بەرەو لە ناوچوون دەچێت؟
- نەك یاری گۆڕەپان و مەیدان بەڵكو سەرجەم یارییەكان بەرەو نەمان چوون و ئەوانی تریش هەر كۆتایی دێت.
* تاكە راهێنەر بووی لە هەولێر كە چەندین یاریزانی كچت بۆ هەولێر پەروەردە كرد، ئەم تیپەت راسپاردەی كێ كرد؟
- بەلێ من تاكە راهێنەر بووم كە تیپم هەبووە، راهێنەری تریش هەیە، بەڵام من بە فەرمی ئەم تیپەم رادەستی كەس نەكردوە، چونكە سەرجەم یاریزانەكانمان ئازاد كردووە بۆ ئەوەی بە خواستی خۆیان بچنە هەر یانەیەكی دیكە و یاری بكەن.
* كێ بەرپرسە لەم بارودۆخەی وەرزشی كوردستان؟
- وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەتایبەت بێ پلانی یانەكان كە تایبەتن لەم بارودۆخە كە ئاستی وەرزشی بەم شێوەی لێ هات.
* پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بووی، ئێستاش بەردەوامیت، یان وازت لەم پۆستەشت هێناوە؟
- تاكو ئێستاش راهێنەری هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقم، بەڵام بەنیازی ئەوەم لەم پۆستەشم وازبهێنم.
* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە ؟
- لە ئایندە ئەگەر باری دارایی هەرێمی كوردستان باش بێت، لە یانەی وەرزشیی هەولێر تیپ دروست دەكەینەوە، بەڵام ئەوكات وەكو راهێنەر كار ناكەم، بەڵكو وەكو سەرپەرشتیار لەگەڵ یانەكەم كار دەكەم.
* خەونی وەرزشیت وەكو راهێنەرێك چییە ؟
- خەونی گەورەم ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان سەرجەم یاریزانانی شارەكانی كوردستان لە ژێر ئاڵای كوردستان لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بەشداری بكەین.
* هیچ گرێبەستێكت وەكو راهێنەر پێشكەش كراوە؟
- بەلێ بۆم هاتووە، بەڵام خۆم رەتم كردۆتەوە، چونكە لە هیچ یانەیەكی دیكە كار ناكەم، جگە لە یانەی وەرزشیی هەولێر نەبێت.
* بە نیاز نیت قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەیتەوە؟
- ئەگەر پارە و ئیمكانیەت نەبێت، ناتوانین هیچ كار و پرۆژەیەك ئەنجام بدەین، ئەگەر پارەش هەبێت بە دڵنیاییەوە بەرنامەی تایبەتمان دەبێت بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان و بووژانەوەی یارییەكە.
* ئەگەر قسەیەكت ماوە؟
- لە كۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی ئازیز بۆ بەسەركردنەوەی وەرزشكارانی كوردستان و سوپاس بۆ هەریەك لە بەڕێزان تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگا و مامۆستا بەكر كەریم بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و هونەر و حەمید شوڕش و دكتۆر عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێر و مامۆستا بێجان بەڕێوەبەری چالاكیی وەرزشی كە زۆر هاوكارمانن.
Top