هادی کەریم: هەموومان ئاگاداری گرێبەستی فاست لینک-ین
قسە و باسێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە کرا، کە باس دەکرێت سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە بێ ئاگاداری ئەندامانی یەکێتیەکە مۆرکراوە.
هادی کەریم جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان گشت ئەم هەواڵانەی رەتکردەوە و گوتی: زۆر سەیرە گوێبیستی قسە و باس دەبین، کە گوایە جگە لە سەرۆکی یەکێتیەکە هیچ ئەندامێک ئاگاداری ئەم گرێبەستە نینە، ئەمەش لە راستی دوورە، چونکە ئەم گرێبەستە بە ئاگاداری گشت ئەندامانی یەکێتیەکە مۆرکراوە، و لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆماندا برگە برگەی گرێبەستەکە خوێندراوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە پاشان لە لایەن هەر ۱٠ ئەندامی یەکێتیەکە واژوو کراوە و دەتوانن سەیری کۆنووسی هەفتانەی یەکێتیەکەمان بکەن بۆ ئەوەی راستیەکان بزانن.
لە درێژەی قسەکانیدا هادی کەریم گوتی: دەبێت هەموو لایەک بەم گرێبەستە دلخۆش بن، چونکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشکەوتنی خولەکان کوردستان، چونکە لە رێگەی ئەم گرێبەستە دەتوانین خەرجییەکانی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یارییەکان بۆ وەرزی ئەمسال دابین بکەین و هەروەها لە کۆبوونەوەی خۆماندا بڕیار دراوە، کە لم گرێبەستە یانەکانیش سوودمەند بن لە رێگەی پێدانی پاره، ئەمەش قورسایەکی زۆر لەسەر شانی یانەکان کەم دەکاتەوە.
جێگەی باسە لە وەرزی ئەمساڵدا خولی نایابی کوردستان بووە ( خولی نایابی فاست لینکی کوردستان).
رێبین رەمزی
