دهۆک گەیشتە چوار گۆشەی زێرینی جامی عێراق

دهۆک گەیشتە چوار گۆشەی زێرینی جامی عێراق
لە چوارچێوەی یارییەکانی هاتنی قۆناغی هەشتی جامی عێراق بۆ تۆپی پێی، رۆژی یەکشەممە لە یاریگەی خۆیدا یانەی دهۆک مێژووی تۆمارکرد کاتێک توانی بگاتە چوارگۆشەی زێرینی پالەوانێتیەکە پاش یەکسانبوونی بەرانبەر یانەی خەتووت بە ئەنجامی (۲-۲) گۆل، بەسوودمەندبوونی لە یاری چوون کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەئەنجامی گۆلێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لەم یارییەدا یانەی دهۆک تووشی گرفتی زۆر بوو کاتێک لە گێمی یەکەم یانەی خەتووت توانی دوو گۆل لە رێگەی یاریزانان ئەحمەد کەریم و بەشار سەعد بە لێدانی سزا تۆماری کرد ئەم گێمەیان بەم ئەنجامە تەواو کرد.لە گێمی دووەم دا دهۆکیەکان فشارێکی توندیان خستە سەر گۆلی تیپی بەرانبەر و یاریزان کامەران خالید توانی گۆلی یەکەم تۆمار بکات، دهۆک بەردەوام بوو لە فشارەکەی تا لە خولەکی ۹۱ لادێ غازی ناوبژیوانی یارییەکە لێدانێکی سزای بۆ دهۆک هەژمار کرد و یاریزان خالید موشیر توانی گۆلی بەرانبەر تۆمار بکات و تیپەکەی بگەینێتە قۆناغی داهاتوو.
لە یارییەکی تردا یانەی نەفتی جنوب لە دەرەوەی یاریگەی خۆی توانی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و بەئەنجامی (۳-۱) گۆل لە یانەی ئەمانە بەغداد بردەوە دوای ئەوەی لە یاری یەکەم بەهەمان شێوە بەئەنجامی (۳-۲) گۆل سەرکەوتنی تۆمار کرد.
یانی دهۆک لە چوار گۆشەی زێرین چاوەروانی براوی یاری نێوان قوە جویە و کەرخ دەبێتەوە، کە یاری یەکەم بە ئەنجامی (۱-۱) گۆل یەکسانبوون، یانەی نەفتی جنوب لە قۆناغی چوار گۆشەی زێرین رووبەرووی براوی یاری ئەلحوسین و زەورا دەبێتەوە، کە اری یەکەم بەسەرکەوتنی ئەلحوسێن تەواو بوو بەئەنجامی (۲-۱) گۆل.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: شەعلان سپۆرت
Top