یەكێتی تۆپی پێی و كۆمپانیای فاستلینك رێككەوتنێكیان واژووكرد
رێككەوتنە رۆژی پێنجشەممە لە یاریگەی ئارارات و لە مەراسیمی دەستپێكردنی وەرزی 2015-2016ی خولی نایابی كوردستان و لە یاریی نێوان ئارارات و زێرەڤانی لە نێوان سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كۆمپانیای فاستلینك واژووكرا، كە بە پێی رێككەوتنەكە، كۆمپانیای فاستلینكی بۆ ئینتەرنێت، دەبێتە سپۆنسەری سەرەكی خولی نایابی كوردستان و خولەكەش ناوەكەی كرا بە "خولی نایابی فاستلینكی كوردستان".
رێككەوتنەكە بۆ ماوەی یەك وەرزە و بۆ یەكەمجاریشە خولی نایابی كوردستان لەلایەن كۆمپانیایەكی بازرگانییەوە سپۆنسەر بكرێت.
سەلام حوسێن سکرتێری یەکێتی تۆپی پیی کوردستان نرخی گرێبەستەکەی نێوان هەردوو لا ئاشکرا کرد، کە گرێبەستەکە بەبڕی ۳٠٠ هەزار دۆلار-ە و تەنیا بۆ خولی نایابی ئەمسالەی ۲٠۱٦-۲٠۱۷.
سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا، كە رێككەوتنەكە زۆر گرنگە بۆ تۆپی پێی كوردستان و بەرەوپێشچوونی ئاستی خولەكە و چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی یەكێتییەكە، بە تایبەتی لە دابینكردنی كرێ بۆ ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاران، بە تایبەتی كە ئێستا قەیرانێكی دارایی گەورە لە كوردستاندا هەیە.
گوتیشی: "ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ دروستكردنی كلتوری سپۆنسەركردن لە وەرزشی كوردستاندا و هیوای ئەوەش دەخوازین كۆمپانیا گەورەكانی دیكەی كوردستانیش بێنەپێشەوە و یارمەتی وەرزشی كوردستان بدەن بە سپۆنسەركردن و پاڵپشتیی دارایی بۆ یانە و یەكێتییە وەرزشییەكان.
جێگەی باسە بەپیی رێککەوتنەکە دەبێت لە هەموو یاریگاکانی کوردستان لۆگوی کۆمپانیا فاستلینک و یەکێتی تۆپی پیی کوردستان هەبێت بە پێچەوانەوە یارییەکان دەچێتە دەرەوەی یاریگایان.
رێبین رەمزی
