پێشمەرگەی هەولێر سپۆنسەری پەیدا كرد

پێشمەرگەی هەولێر سپۆنسەری پەیدا كرد
رۆژی چوارشەممە لە هۆتێلی كوارتز لە شاری هەولێر یانەی پێشمەرگەی هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بەمەبەستی مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای فۆكس ئەنجامدا، كە كۆمپانیای ناوبراو بۆ ماوەی یەك وەرز دەبێتە سپۆنسەری یانەكە لە خولی نایابی كوردستان.
لەم كۆنگرە رۆژنامەنووسیە نیهاد عادل جێگری سەرۆكی یانەی پێشمەرگەی هەولێر و قەیس راوی سەرۆكی كۆمپانیا (قەیس و كورەكانی)، كە بریكاری سەرەكی كۆمپانیای فۆكس-ی ئەڵمانیە.
لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە نیهاد عادل جێگری سەرۆكی یانەی پێشمەرگەی هەولێر باسی لە گرنگی ئەم گریبەستە كرد و گوتی: هەرچەندە بوونی سپونسەر ئەنجامی خراپ و باشی دەبێت، بەڵام یانەكەمان لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا بە قەیرانێكی دارایی قورس تیپەر بووین، بۆیە هەوڵماندا سەرچاوەیەكی دارایی بۆ خۆمان بدوزێنەوە، تاوەكو لەم وەرزە لە رووی دارایی كێشەمان بۆ دروست نەبێت دوای ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك لە قەیس راوی ئالوگۆركردنی راوبۆچوون، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێكەوتین، كە ئەم كۆمپانیە ببێتە سپۆنسەری یانەكەمان بۆ ماوەی یەك وەرز.
لە درێژەی قسەكانیدا نیهاد عادل گوتی: ئێمە لە قەیرانی دارایی بەدر نینە و پێكهاتەیەكی باشمان هەبوو و بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادە كردبوو، بەڵام پێویستمان بە لایەنی دارایی هەبوو، بۆیە ئەم گرێبەستە دەرئەنجامی باشی بۆ تیپەكەمان دەبێت، یانەكەمان هەوڵ دەدات بار قورس لەسەر حكوومەت دروست نەكات و نەبێتە یانەیەكی مەشە خۆر وەكو یانە جیهانیەكان پشت بە سپۆنسەر ببەستین و توانیمان لە هەنگاوەكەمان سەركەوتوو بین.
لە بەرانبەردا قەیس راوی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم گرێبەستە دەربری و گوتی: ئێمە زیاتر لە 15 ساڵە سپونسەری یانەی قوە جەویە دەكەین و هەروەها سپۆنسەری سەرەكی هەڵبژاردەی عێراقین و خولی ئەم وەرزی عێراق بە خولی فۆكس ناودەبرێت، بۆیە بیرمان كردووە بازنەی كاركردنمان فراوانتر بكەین ئەمجارەش لە كوردستان سپۆنسەری یانەیەكی كوردستان بكەین، بەهۆی پێشكەوتنی وەرزش بە تایبەتی تۆپی پێی لە كوردستان ئەمە هەنگاوی یەكەمە بە وردی خوێندنەوەی بۆ دەكەین، تەنیا تۆپی پێی نییە، بەڵكو یارییەكانی تریش دەگرێتەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا قەیس راوی ئامادە نەبوو بڕی گرێبەستەكە ئاشكرا بكات و گوتی: نرخی گرێبەستەكە گرنگ نییە، بەڵكو ئامانجی ئەم گرێبەستە لە نێوان هەردوو لا گرنگە، چونكە لە ناوەرۆكی گرێبەستەكە دەتواندرێت گۆرانكاری ئەنجام بدرێت بە پێی ئەنجامەكانی یانەكە لە خولی نایابی كوردستان و پێشكەوتنی لە بوارەكانی تر، بۆ نموونە كۆمپانیایەكەمان بۆ وەرزی ئەمساڵ هەموو پێداویستی جل و بەرگ بۆ یانەی پێشمەرگەی هەولێر دابین دەكات و هەروەها لە كاتی سەركەوتن پاداشتیان دەكەین و ئۆردوگای مەشقیان بۆ دەكەینەوە و پشتگیری مەعنویان دەكەین، ئەگەر پێویست بكات لە یارییەكانی یانەكەش ئامادە دەبین وەكو پاڵپشت، پەنا بەخوا ئەمساڵ پێشمەرگەی هەولێر دەبێتە پاڵەوانی خولەكە بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا.
دوای تەواوبوونی كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە، هەردوو لا لەسەر گرێبەستەكە واژوویان كرد پاشان درێسی سەرەكی یانەكە، كە لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی كوردستان یاری پێ دەكات بۆ دەزگا راگەیاندنەكان ئاشكرا كرا.
جێگەی باسە رۆژی هەینی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە یەكەم یاری خۆیدا رووبەرووی یانەی نەورۆز دەبێتەوە لە یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر لە شارۆچكەی پیرمام.
رێبین رەمزی
Top