سەلێمان رەمەزان: هەموو یانەیەك بۆ بردنەوە لەگەڵمان یاری دەكات سەمەد جەوهەر: هیچ پاڵپەستۆیەكی دەستەی كارگێریمان لەسەر نییە

سەلێمان رەمەزان: هەموو یانەیەك بۆ بردنەوە لەگەڵمان یاری دەكات سەمەد جەوهەر: هیچ پاڵپەستۆیەكی دەستەی كارگێریمان لەسەر نییە
رۆژی چوارشەممە لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یاریكردنەوەی خولی نایابی كوردستان بۆ وەرزی 2016-2017 ئەنجامدرا، بە ئامادەبوونی راهێنەر و كاپتنی هەردوو یانەی ئارارات و زێرەڤانی.
كە رۆژی پێنجشەممە لە یاریگەی ئارارات كاتژمێر 2ی ئێوارە یاریكردنەوە لە نێوان هەردوو یانەی ئارارات و زێرەڤانی ئەنجام دەدرێت.
سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە راهێنەری زێرەڤانی سلێمانی رەمەزان گوتی: یانەكەمان ماوەیەكی زۆرە خۆی بۆ خولەكە ئامادە كردووە و هەرچەندە كاتی دەستپێكی خولەكە دیار نەبوو، بەڵام چەندین یاری دۆستانەمان ئەنجام دا بۆ ئەوەی باشترین پێكهاتە لە خولەكە یاری پێ بكەین.
هەرچەندە شێوازی خولەكە لە لای ئێمە باش نەبوو، چونكە حەزمان دەكرد خولەكە بەشێوازی خول بە دوو قۆناغ ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی خولی كوردستان هێز و ركابەرییەكەی خۆی لە دەستدا نەدات و شێوازی كۆمەڵە هەموو یارییەك قورس دەبێت، چونكە هەر یارییەك بە یاری كۆتایی هەژمار دەكرێت و بەشداریكردنی 13 یانە زۆر باش و گونجاوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سلێمان رەمەزان گوتی: بەشێوەیەكی باش خۆمان بۆ یاری ئارارات ئامادە كردووە، چونكە ئارارات تیپێكی بەهێزە و لە نێو یاریگەی خۆی یاری دەكات بۆ ئەم یارییەش یانەكەمان بەهۆی پێكان بێبەش دەبێت لە ئاستی یاریزان كامەران عەلی، كەچ یاریزانەكانی تر هەموویان ئامادەن.
دواتر سەمەد جەوهەر راهێنەری یانەی ئارارات سەبارەت بە یارییەكە گوتی: زێرەڤانی یانەی ژمارەی یەكە لەسەر ئاستی كوردستان و تیپێكی بەهێزە، بۆیە یاری كردنەوە زەحمەتە بۆ هەردوو یانە و هەر یانەیەك پێویستی بە دەستپێكی باش هەیە، هەموو لایەك دەزانێت، كە كات زۆر گرنگە بۆ دروستكردنی تیپێكی باش ئێمە هیچ كاتێكمان نەبوو، بەڵام بە تیپەربوونی كات توانیمان پێكهاتێكی باش دروست بكەین بێ گومان دەبنە جێگەی متمانەی دەستەی راهێنەران و دەستەی كارگێری یانەكە.
لە درێژەی قسەكانیدا سەمەد جەوهەر گوتی: پێمان باش بوو سیستەمی خولەكە وەكو ساڵانی رابردوو بوایە، بەڵام بەرژوەندی گشتی ئێستا وا دەخوازی، كە خولەكە بە شێوەی كۆمەڵە بێت بۆیە لەگەڵ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكە هیچ مەرجێك نەبوو، كە یانەی ئارارات دەبێت لەم وەرزدا نازناو بە دەستبهێنێت یاخود پلەكانی پێشووە، بەڵام ئێمە ئامانجی خۆمان هەیە تا دوا خولەكان لەپێناو ئامانجی خۆمان دەجەنگین و بەردەوام دەبین، چونكە یانەكەمان ناوێكی گەورەیە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەمەد جەوهەر گوتی: بۆ یاری كردنەوە بێبەش دەبین لە ئاستی یاریزان ئاراس محەمەد بەهۆی پێكان.
پاشان كاپتنی یانەی زێرەڤانی نێچیرڤان شوكری گوتی: وەكو یاریزانەكان بە باشترین شێوە خۆمان ئامادەكردووە و چاومان لە چوارەمین نازناوی خولی نایابی كوردستانە و لە رووی دەروونیە یاریزانەكان بە باشترین شێوە ئامادەكراون.
لە كۆتاییدا كاپتنی یانەی ئارارات كارزان محەمەد گوتی: هەرچەندە لەسەرەتا لە رووی دەروونیەوە یاریزانەكان بە بارێكی دەروونی خراپ تیپەر بوو، بەهۆی كێشە داراییەكانی یانە و نەبوونی مەشق، بەڵام لە كۆتاییدا توانیمان بەسەر كێشەكانمان زال بین و لە بەردەوامین و ئێستا تیپەكە لە باشترین ئاستی خۆیدایە.
جێگەی باسە لە یاری كردنەوە چەند مەراسیمێك ئەنجام دەدرێت بۆ رێزگرتن لە برایانی پێشمەرگە.
رێبین رەمزی
Top