هیوام ئەوەیە وەك یاریزانێكی كوردستانی لە ئاستی دنیادا ئەنجامی باش بەدەست بێنم

هیوام ئەوەیە وەك یاریزانێكی كوردستانی لە ئاستی دنیادا ئەنجامی باش بەدەست بێنم
ژیلە رۆستەم
یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی:


ژیلە رۆستەم یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یاری گۆڕەپان و مەیدانە، بەتایبەت لە یارییەكانی ماوە درێژ هەرچەندە ماوەیەكی زۆریشە بۆ هیچ یانەیەك یاری نەكردووە، بەڵام بەهۆی ئاست بەرزییەوە بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی كردووە بە ئامانجی زیاتر گرنگیدان بە تواناكان و بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەتر لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو. ژیلە لەدایكبووی ساڵی 1999ی شاری هەولێرە و لە ئێستادا لە تەمەنی نەجەوانییە و لە هەوڵی ئەوەدایە چەندین ریكۆردی نوێ بە ناوی خۆی تۆماربكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.

* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای وەرزش دۆزییەوە؟
-وەكو هەموو یاریزانێك من هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەوەم هەبوو بێمە ناو دونیای وەرزشەوە، دوای ئەوە بەرەبەرە لەگەڵ بینینی وەرزش لە كوردستان، منیش هاتمە ناو دونیای وەرزشییەوە.
* بۆچی یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد بەتایبەتی یاری ماوە درێژ؟
- لە راستیدا من لە سەرەتای دەستپێكردنم بە وەرزش حەزم لە گۆڕەپان و مەیدان نەبوو، پێشتر لە هونەری جەنگییەوە دەستم پێكرد، دواتر خولیام بۆ راكردنی ماوە درێژ پەیدا بوو، دەمزانی لەوە زیاتر سەركەوتوو دەبم، بۆیە رووم لە یارییەكانی راكردنی ماوەدرێژ كرد.
* هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردووە؟
- نەخێر، بە لای منەوە یارییەكی زۆر خۆشە و دەمێكە هیوام هەر ئەم یارییە بووە.
* ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- باشە، بەڵام زۆر نا، ئەگەر سەیری وڵاتانی دیكە بكەین، دەبینین گرنگییەكی زۆر بە یاریزانان دەدرێ، بەڵام لە كوردستان كەم شتی وا هەیە كە گرنگییەكی زۆری پێ بدرێت.
* پێتوایە دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان چی بكرێت ؟
-پێویستە لە سەر مامۆستایان و شارەزایان لە بواری وەرزش گرنگیی زیاتر بدەن بەم یارییە بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەوێت، یاریزانانیش بتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنن، ئەنجامی یاریزان بە ئەوانەوە پەیوەستە.
* تۆ لە هیچ یانەیەك یاریت نەكردوە كێ بەهرەی تۆی دۆزییەوە؟
-نەخێر، من پێشووتر لە هیچ یانەیەك یاریم نەكردووە، سوپاسی مامۆستاكەم دەكەم كە توانی بەهرەی من لە وەرزشی گۆڕەپان و مەیداندا بدۆزێتەوە.
* تۆ لە ئێستادا یەكێكی لە پاڵەوانەكان، بۆچی گرێبەستت لەگەڵ یانەیەكی شاری سلێمانی ئەنجامدا و بۆچی لە شارەكەی خۆت نەمایتەوە؟
- لە راستیدا خۆم هەر حەزم كرد پێوەندی بە یانەیەكی باش بكەم، چونكە لە هەولێردا هیچ یانەیەك نییە پشتگیری لە كچان بكات، بەتایبەتی لە گۆڕەپان و مەیدان، ئەگەر هەبێت ئەوا من بە دڵنیاییەوە تاكو كۆتایی بۆ ئەوان ئەنجامی باش بەدەستدێنم.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چین؟
-وەكو سەرەتایەكم لە ناو گۆڕەپان و مەیدان جیاواز لەوانی تر توانیم لە سەرەتای دەستپێكردنم ئەنجامی باش بەدەست بهێنم، بۆ یەكمجاریش بەشداری پاڵەوانێتی كوردستانیش بكەم و ئەنجامی باش بەدەست بهێنم.
*جگە لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هیچ یارییەكی ترت ئەنجام نەداوە؟
-بەڵێ پێشووتر یارییەكانی هونەری جەنگیم ئەنجام داوە، لەوێش توانیومە ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم، بەڵام بەهۆی هەندێك كاری تایبەت بەخۆم نەمتوانی لەم یارییە بەردەوام بم.
* هیواو و ئاواتت لە وەرزش كردن چییە؟
-بە هیوای ئەوەم كەوا كچان زیاتر بەشداری لە یارییەكانی وەرزش بكەن، بۆ ئەوەی وڵاتی ئێمەش پێشبكەوێت و زیاتر لە ئێستادا گرنگی بە وەرزشی كچان بدرێت.
* وەرزشكردن رێگری لە خوێندنەكەت ناكات؟
- نەخێر، هەرگیز رێگری لێ نەكردووم و گرنگی زۆریشم بە خوێندنەكەم داوە. هەروەها زۆر سوپاسی مامۆستا موژدە نوری دەكەم كە لە بواری وەرزشەكەم زۆر یارمەتی داوم.
* هیچ یانەیەكی گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-لە ئێستادا نەخێر، ئەگەر پێشكەشیشم بكرێ رەتیدەكەمەوە، تاوەكو مامۆستاكەم بڕیار نەدات. من هیوام ئەوەیە وەك یاریزانێكی كوردستانی لە ئاستی دنیادا ئەنجامی باش بەدەست بێنم.
*خانەوادەكەت تاچەند هاوكارتن؟
-خانەوادەكەم زیاتر لەوەی رێگەیان داوم، زۆر پشتگیریشم دەكەن من سوپاسیان دەكەم، سوپاسی دایكی خۆشەویستم دەكەم ئەو بناغەی ژیانی منی دروست كرد.
* ئەگەر شتێكت ماوە؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی بەردەوامی یاریزانان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، هەروەها سوپاسی هەریەك لە مامۆستا فەرمانی راهێنەرم و دایكی خۆشەویستم دەكەم و لە كۆتاییدا هیوادارم كچان گرنگی زیاتر بە وەرزش بدەن و كاتی بۆ تەرخان بكەن.
Top