ئازاد عەبدولڕەحمان: تەنیا ئاواتم ئەوەیە جارێك بە ناوی دەوڵەتی كوردییەوە بەشداری پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بكەم

ئازاد عەبدولڕەحمان: تەنیا ئاواتم ئەوەیە جارێك بە ناوی دەوڵەتی كوردییەوە بەشداری پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بكەم
ئازاد عەبدولڕەحمان ناوبژیوانی نێودەوڵەتی یاریی تۆپی باسكە


ئازاد عەبدولڕەحمان لە دایكبووی ساڵی 1974ی شاری سلێمانییە و مامۆستای پەیمانگای وەرزشییە لە قەزای شەقڵاوە و یەكێك لە ناوبژیوانە هەرە بەتواناكانی كوردستان و عێراقە و لە تەمەنی 17ساڵیدا كاری ناوبژیوانی كردووە و تا ئێستا چەندین یاریی بەهێز و زەحمەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڕێوەبردووە، لە پاڵەوانێتیی یانەكانی عەرەبیش بە باشترین ناوبژیوانی خولەكە دیاری كراوە. چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.

* بۆچی كاری ناوبژیوانیت هەڵبژارد؟
-هەر لە منداڵییەوە حەزم بە كاری زەحمەت بووە، پاشان ناوبژیوانی باسكە زۆر قورس و گرانە، نەبوونی ناوبژیوانی باسكە لە كوردستان زۆر هانی دام خولیای ئەم ناوبژیوانییە بم.
* بە گشتی ئاستی ناوبژیوانانی كوردستان چۆن دەبینی؟
-ئاستی ناوبژیوانانی كوردستان بەهۆی بوونی زۆری خولەكانی باسكە بۆ یانەكان ئاستی زۆر بەرزی هەبووە، بەڵام بەداخەوە ماوەی دوو ساڵە وەستاوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبژیوانان هەبووە.
* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كە بۆ ماوەیەكی زۆرە هیچ خولێك بەڕێوەنەچووە، ئایا كاریگەریی نابێت لەسەر ئاستان؟
-ئێمە لە كوردستان زەرەرمەندی ئەم بارودۆخەین، ناوبژیوانی باسكە بەردەوام دەبێت ناوبژیوانی بكات، چونكە بەردەوام گۆڕانكاری بەسەر یاساكانی دێت، ئەمەش ناوبژیوانان زۆر دوادەخات، بەڵام لەبەر ئەوەی من بەشداریی خولی عێراق دەكەم كەمتر كاریگەری هەبووە لەسەرم.
* ئێوە لە دوو خول بەشدارن وەكو ناوبژیوان، كوردستان و عێراق كامەیان بەهێزترە؟
-بێگومان خولی عێراق ئاستی بەرزترە، هۆكارەكەی یاریزانی پیشگەری باشی تێدایە و پاشان یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عێراقیش بەشداری دەبن.
* بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی ناوبژیوانان دەبێت چی بكرێت؟
-بوونی ئاستی بەرز و كێبڕكێ لە خولی كوردستان، كردنەوەی خولی تایبەت بۆ ناوبژیوان و پشتیوانكردنی باشتر و زیاتر و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن كەسانی پسپۆڕ، ئەوە هەمووی دەبێتە هۆكار بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی ناوبژیوانان.
*گرفتی ناوبژیوانانی كوردستان لە چیدا دەبینی؟
-هیچ پشتیوانییەك ناكرێن، داوای مافی خۆمان دەكەین كەس گوێمان لێ ناگرێت، میدیاكان هیچ رۆڵی گەورەیی ناوبژیوانان ناخەنەڕوو كە چەند ئەركێكی گەورەمان لەسەرە، پاشان كۆتایی هەر خولێك هەموو لایەك ریزی لێ دەگیرێت، تەنیا ناوبژیوان نەبێت، نموونە من رۆژانە مەشق و راهێنان دەكەم، پێویستم بەخۆ ئامادەكردن هەیە لە هەموو لایەكەوە، وەك جل و بەرگ و پێداویستی ناوبژیوانی، بەڵام كەس نییە بۆمان ئامادە بكات، ئەمانە هەموو پارەی دەوێت، لەم بارودۆخەش لەبەر ئەوەی بژێوی ژیان گران بووە، ناتوانی خۆت وەكو پێویست ئامادەبكەیت، ئەمانەش هەمووی گرفتە بۆ ناوبژیوانان.
* كێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای وەرزش كە پاڵەوانێتییەكان بە كەمی بەڕێوە دەچن؟
-من تێناگەم لەم بابەتە، بۆ هەندێك خول بەردەوامە و پارە هەیە بۆ هەندێكی تریش نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستخۆشی لەوان دەكەم كە زیرەكانە بە هەرشێوەیەك بێت خولەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام ئەوەی چەند ساڵ درووست كرا ئەم دوو ساڵە رووخێنرا.
* خۆشترین و ناخۆشترین یادەوەریی وەرزیشت ؟
-خۆشترین یادەوەریم ئەو رۆژانە بوو كە لەگەڵ كۆمەڵێك ناوبژیوان لە وڵاتی لوبنان بووین بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەردوو برای خۆشەویستم شرشڤان و سەمیر، ناخۆشترینیش ئەو كاتەی لە قەتەر گەڕامەوە بۆ ناوبژیوانی پاڵەوانەكانی ئاسیا چووم وەكو ناوبژیوانێكی باش دەركەوتم، بەڵام بەداخەوە تووشی پێكان هاتم لە چۆكم دوو پاڵەوانێتیم لە ئاسیاوە لەدەست چوو كە نەمتوانی بەشداری بكەم.
* كاتێك لە پاڵەوانێتیی یانەكانی عەرەب بە باشترین ناوبژیوان دەستینشان كرایت، چ هەستێكت بۆ دروست بوو؟
-خوای گەورە لە پاڵەوانێتیی یانەكانی عەرەب لە قاهیرە سەركەوتووی كردم، هەر لە یەكەم یاریی خولەكە تا كۆتایی بوومە جێگای رێزی هەمووان، زۆرترین یاریم بەڕێوە برد، بەتایبەتی یارییەكانی چوار گۆشەی زێڕین لە نێوان جەزائیر و لوبنان، كاتی دەستنیشان كرام بۆ یاریی كۆتایی، توانیم بە سەركەوتوویی یارییەكە بەڕێوەببەم، ئەوەشم بە دەستكەوتێكی گەورە زانی بۆ ئاستی وەرزشی كوردستان.
* بە چ ناوبژیوانێكی جیهانی سەرسامیت؟
-بە ناوبژیوانانی وڵاتی ئیسپانیا سەرسامم زۆر.
* خەونی وەرزشیت لە ژیاندا چییە؟
- تەنیا ئەواتم ئەوەیە جارێك بەشداری پاڵەوانێتییەكی وڵاتان بكەم بە ناوی دەوڵەتی كوردییەوە، وەكو ناوبژیوانێكی كوردستان.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی وەرزشكارانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی، بەهیوای ئەوەم ئاوڕێكی جددی لە ناوبژیوانان بدرێتەوە، بەرپرسانیش لێمان بپرسنەوە، جار جار هەر بە قسەش بێت خۆشە، سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكەم كە رێزیان لێنام.
Top