دھۆک دوو یاریزانی پیشەگەری دوورخستەوە
لەگەڵ دەستبەرکاربوونی ئاشتی مستەفای ڕاھێنەری تازەی یانەکە چاکسازییەکانی لە گۆڕینی یاریزانانی یانەکەی دەستپێکرد بە ھیوای ئەوەی بتوانێ لە یارییەکانی قۆناغی دووەمی خولی نایابی یانەکانی عێراقی کە بریارە ٧ی مانگی داھاتوو یارییەکان دەستپێبکاتەوە، دەستەی ڕاھێنەرانی یانەکە لە ریزی یاریزانان چاکسازی دەکەن بە ئامانجی ئەوەی بتوانێ پێکھاتەیەکی تۆکمە دیاری بکەن بۆ یارییەکانی داھاتوو ھەر یاریزانێکیش کە نەتوانن سووی ھەبێت بۆ یانەکە بە رێکەوتنی ھەردوولا دووری بخەنەوە لە پێکھاتەی یانەکە، لە بارەی دوورخستنەوەی دوو یاریزانی مەغریبیەکە و چەند یاریزانێکی تریش محەمەد عەلی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دھۆک گوتی: دوای ئەوەی ئێمە لەسەرەتای ئەم وەرزە ژمارەیەک گرێبەستمان مۆرکرد لەگەڵ یاریزانانی پیشەگەر بۆ ھەردوو خولی نایابی یانەکانی کوردستان و عێراقیش ، بەڵام لە یارییەکانی ڕابردووی تیپەکەمان نەمانتوانی سوود لە تواناکانی ئەوان ببینین و ئەوانیش ئاستی شایستەی خۆیان پێشکەش نەکرد لەگەڵ یانەکە ھەر بۆیە لەسەر داوای ڕاھێنەری یانەکەمان بڕیاری درا بە دورخستنەوەی ھەریەک لە یاریزانان(عدنان موستەتیف وفەھمی ئەلگەروچی) کە ھەردوو یاریزانی ناوبراو لەم وەرزە گرێبەستیان لەگەڵ واژوو کرابوو بەڵام کە نەمانتوانی سوود لە تواناکانیان وەربگرین بە ڕەزامەندی ھەردولامان بڕیاری ئەوە درا کەوا ھەردوویاریزانەکە دووربخرێنەوە ، لەبارەی ئەگەری دوورخستنەوەی ھەریەک لە پیشەگەرانی کرواتی لیک چیترا و وەحید ئۆزۆنی نێجیریش محەمەد گوتی" ئەم دوو یاریزانەش کە ئەمساڵ ھاتوونەتە ریزی یانەکەمان بەڵام نەینتوانیوە ئاستی باش پێشکەش بکەن بۆیە گۆفت و گۆیەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەوانیش ببین، لە بارەی پڕکردنەوەی شوێنی ئەوانەش عەلی وتیشی " ئێمە لەگەڵ پارێزگاری دھۆک دانیشتووینە ئەو بەلێنی ئەوەی داوە کەوا پارەی گرێبەستی دوو یاریزانی پیشەگەری بەتوانا دابین بکات بۆ ئەوەی ئاستی یانەی دھۆک لە یارییەکاین قۆناغی دووەم بەرز بێتەوە بەلێنی پاڵپشتی کردنی یانەکەشی داوە بۆیە ئێمە تەنیا دەتوانین دوو یاریزانی پیشەگەری باش پەلکێش بکەین.
