هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بە پاڵەوانی بمێنینەوە

هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بە پاڵەوانی بمێنینەوە
سەیفەدین فەتاح یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشیی سلێمانی:


سەیفەدین فەتاح لە دایكبووی ساڵی 1970ی شاری كەركووكە و یەكێك لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی یاری تۆپی سەرمێزە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق كە ماوەیەكی زۆرە لە یانەكانی كوردستان خەریكی یاریكردنە و چەندین ئەنجامی شایستەی بەدەستهێناوە، ماوەی دوو وەرزیشە رووی لە یانەی وەرزشی سلێمانی كردووە، لەگەڵ ئەم یانەیەش نازناوی پاڵەوانی كوردستان و عێراقی بەدەستهێناوە و بۆتە مایەی سەرنجی ژمارەیەك لە یانەكانی عێراقی و كوردستان، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

* لە ئێستادا ئاستی یاری تۆپی سەرمێز لە كوردستاندا چۆن دەبینی؟
-بە شێوەیەكی گشتی ئاستی ئەم یارییە لە ئێستادا مامناوەندییە و لە ئاستی بەرزی نابینم، بە هۆی ئەوەی لەلایەن یانەكانەوە گرنگیی زۆر بەم یارییە نەدراوە.
* لەسەر ئاستی سلێمانی چۆنی دەبینی؟
-بێگومان شاری سلێمانی یەكێك لەو شارانەیە كە لەسەر ئاستی عێراق خاوەن چەندین یاریزانی بەتوانایە و ئومێدی ئەوەیان لێ دەكرێت كە بتوانن ئەنجامی شایستەتریش بەدەستبهێنن لەسەر ئاستی یانەكانی عەرەب و ئاسیاش، ئێستاش كوڕان و كچانی سلێمانی لەم یارییە پێشەنگن، ئەوەش بەڵگەی گرنگی ئەم یارییەیە لە شاری سلێمانی.
* ساڵانە پاڵەوانێتیەكی كەم دەكرێتەوە، ئەمە تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ پێشڤەنەچوونی ئەم یارییە؟
- لە راستیدا كردنەوەی یەك پاڵەوانێتی لە ساڵێكدا بۆ یاریزانان زۆر زۆر كەمە و نابێتە هۆكار بۆ پێشكەوتنیان، پاڵەوانێتی دەكرێتەوە بە یەك قۆناغ و بە چەند رۆژێكی كەم تەواوی دەكەن كە هیچ سوودێكی نییە، ماوەی ساڵێك مەشق و راهێنان دەكەین بە دوو رۆژ یارییەكان بە كۆتایی دەهێنن، ئەوەش یاریزانان سارد دەكاتەوە.
*وەكو یاریزانێكی بەئەزموون پێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە دەبێت چی بكرێت؟
- پێویستە لەسەر بەرپرسانی ئەم یارییە زیاتر گرنگی بە تواناكانی یاریزانان بدەن و پاڵەوانێتیەكان كە ئەنجام دەدەن بە دوو خول بێت بە شێوازی چوون و هاتن بێت، ئەوە بۆ یاریزانان گرنگی زۆری دەبێت، چونكە كوردستان ئارامە با خولەكان بە چەند مانگێگ تەواو بێت و ئەوەش سوودی بۆ یارییەكە زیاترە، جگە لەوەش چەندین خولی جۆراوجۆر بكرێتەوە بۆ یاریزانانی ئاستەكانی جیاوازی تەمەن.
* پێت باش نییە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەكانی كوردستان بكرێتەوە؟
-سەد لەسەد من لەگەڵ ئەوەمە ئێستا یانەی وەرزشی سلێمانی ئەم هەنگاوی ناوە و مامۆستا توانا سەرپەرشتی قوتابخانەكە دەكات و سوودی زۆری دەبێت بۆ داهاتووی یانەكەمان و چەندین یاریزانانی بەتوانا بەرهەم دەهێنێت بۆ شارەكە و ژمارەیەكی زۆری یاریزانانی تەمەن بچووك لەم قوتابخانەیە بەردەوامن لە وەرزشكردن.
* ساڵانە یانەكان یاریزانانی پیشەگەر دەهێنن بۆ یاریكردن، تاچەند لەگەڵ هاتنی ئەم یاریزانانەی؟
-من لەگەڵ ئەوەم یاریزانانی پیشەگەر پەڵكێشی یانەكان بكرێت، لەبەر ئەوەی ئاستی یانەكە بەرز دەبێتەوە و سوودیشی دەبێت، بەڵام نەك بۆ چەند یارییەك بێت، پێویستە بمێنێـتەوە و ئەوە سوودی زیاتری بۆ یاریزانان دەبێت و ئەزموونی باشی لێ وەردەگرن، نەك بۆ چەند یارییەك بێت و پارەی خۆی ببات و بڕوات ئەوە سوودی نابێت و یانەكانیش زیانمەند دەبن.
* گرفتە وەرزشیەكانتان زیاتر لە چیدا دەبینی؟
-نەبوونی هۆڵێكی تایبەت بە یارییەكانی تۆپی سەرمێز ئەوە خۆی گرفتێكی گەورەیە بۆ یاریزانان، جگە لەوەی ئێستا تۆپەكانی یاریكردن گۆڕاون و بوونەتە پلاستیك، ئەوەش گرفت درووست دەكات لە یاریكردنمان نەبوونی توانایی داراییش گرفتی سەرجەم یانەكانی هەرێمی كوردستانە.
* بەڵێن دەدەن سلێمانی بە پاڵەوانی بهێڵنەوە؟
-ئێمە پاڵەوانی كوردستان و عێراقین خۆم و سەرجەم یاریزانان هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بە پاڵەوانی بمێنینەوە، بە هیممەتی یاریزانان و دەستەی كارگێڕی یانەكەمان، ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنین.
* لەم یارییە بەهیوای چیت؟
- هیوادارم بتوانم لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم و خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكەم .
* دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی وەكو پێویست هاوكارتانن؟
- سوپاسیان دەكەین، ئەوەی لە دەستیان بێت، هاوكاری بەردەوامی تیپەكە بوون.
* لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی ئاستی تیپەكەتان چۆن بینی؟
- بەڕاستی ئەوەی لە خەیاڵ نەبوو روویدا، یاریزانانی ئێمە توانییان ئاستێكی زۆر شایستە پێشكەش بكەن، خولی یانەكانی عەرەبیش زۆر بەهێزە لە چاو خولەكانی كوردستان و عێراق، ئومێدیش دەكەم ساڵ بە ساڵ ئاستی یانەی سلێمانی بەهێزتر بێت.
* داوكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چییە؟
-بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە یارییەكانی تۆپی سەرمێز بدەن لەسەر ئاستی كوردستان و خولی بەردەوام ئەنجام بدەن بۆ یاریزانانی شارەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش بچێت.
* لە كۆتاییدا دەتەوێ باسی چی بكەیت؟
-دەمەوێ لێرەدا سوپاسی گۆڤاری گوڵان بكەم، كە بەردەوام گرنگی بە تواناكانی یاریزانانی كوردستان دەدات لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان بەردەوامە لە ناساندنی یاریزانان و بەسەركردنەوەیان.
Top