پەیامێك لە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەبارەت بە وەرزی نوێ

پەیامێك لە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەبارەت بە وەرزی نوێ
سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان رۆژی پێنچشەممە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی یانە بەشداربووەكانی خولی پلە یەك و نایابی كوردستان، سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان پەیامێكی بۆ یاریزانان و جەماوەری وەرزشی كوردستان سەبارەت بە وەرزی نوێی خولەكە راگەیاند، ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لەگەڵ یانەكانی پلە نایاب و پلە یەك، كە بڕیاری دەستپێكردنی وەرزی نوێی خولەكانی كوردستان یەكلانەبووەوە، سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پەیامێكی راگەیاند، كە بەم شێوەیەیە:
"سڵاو و رێز و خۆشەویستی بۆ سەرجەم وەرزشوانانی كوردستان و خانەوادەی تۆپی پێ لە یانەكان، یاریزانان، راهێنەران، ناوبژیوانان و جەماوەری وەرزشی و میدیاكارانی بەڕێز.
ئێمە لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بە ئەركی سەرشانی خۆمان زانیوە، ئەم وەرزەش وەكو وەرزەكانی رابردوو، وەرزی نوێی خولەكانی كوردستان دەستپێبكەین، هەموو ئامادەكارییەكیشمان كردووە بۆ دەستپێكردنی خولەكان، هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-11-2015، بانگهێشتی نوێنەری سەرجەم یانەكانی پلە یەك و نایابمان كرد بۆ ئەوەی ئامادەیی ئەوان بزانین لە بارەی بەشداریكردن لە خولەكاندا، بۆ ئەوەی یاریزانان و راهێنەران و ناوبژیوانان و جەماوەری وەرزشی لە خولەكانی كوردستان بێبەش نەبن.
بەڵام، بەداخەوە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا لە خولی نایابدا نیوەی یانەكان ئامادەبوون بۆ بەشداریكردن لە خولەكە و نیوەكەی دیكەش ئامادەنەبوون و لەگەڵ ئەوەدانەبوون خولەكە بەڕێوەبچێت، لە ئاستی پلە یەكیشدا 3-4 یانە ئامادەیی بەشداریكردنیان هەبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دووپاتیدەكەینەوە، كە ئێمە وەكو یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئامادەین بۆ دەستپێكردنی وەرزی نوێی خولەكانی پلە یەك و نایاب لە هەر كات و ساتێكدابێت و دووپاتی ئامادەییمان دەكەینەوە و درێغیش ناكەین لە دەستپێكردنی وەرزی نوێدا، جارێكی دیكەش هەوڵدەدەین لەگەڵ یانەكاندا گفتوگۆ بكەین بۆ رازیكردنیان بە بەشداریكردن لە خولەكاندا و حەزیش دەكەین سەرجەم یانەكان لە زاخۆوە تاكو خانەقین بەشداریی خولەكان بكەن.
دواجاریش ئەوە رادەگەیەنین، كە رۆژی شەممەی داهاتوو 21-11-2015 لە كۆبوونەوەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستاندا بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لە بارەی دەستپێكردنی وەرزی نوێی 2015-2016ی خولەكانی كوردستان دەدەین).

جێگەی باسە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو ژمارەی بەشداربووانی خولەكانی كوردستان لە پلە یەك و نایاب روو لە زیادبوون بكات.
رێبین رەمزی
Top