ئەو پرەنسیپەی راهێنەری یانەی ریال مەدرید رافائیل بینیتز جێبەجێی دەكات لە كاتی یارییەكاندا چەند تایبەتییەكی تیادا جیاكردۆتەوە. لەمبارەیەوە رۆژنامەی ئێسی ئیسپانی بە مانشێتەكی گەورە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بینیتیز تەنیا لە ئەگەری تووشبوون بە پێكان و ماندووبوونێكی زۆر نەبێت، پشوودان بە رۆناڵدۆ رەددەكاتەوە. رۆژنامەكە پشتی بە چەند ئامار و داتایەك بەستووە كە ئەوە دەردەخات كریستیانۆ رۆناڵدۆ تەواو لە دەرەوەی پلانی بینیتیزە، بە جۆرێك ناوبراو پشتی تەواوی بەو یاریزانە بەستووە و لە سەرجەم یارییەكان لە هەر دوو ركابەری لالیگا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە شێوەی سەرەكی و بۆ ماوەی نەوەد خولەك یاری پێكردووە. هەر لە راپۆرتی رۆژنامەكەدا هاتووە كریستیانۆ 100% لە یارییەكان یاری كردوە، واتە لە كۆی 14 یاری كە دەكاتە 1260 خولەك ئەمەش كاتێكی زۆرە كە ناوبراو تووشی ماندووبوونی جەستەیی دەكات، بەپێی رۆژنامەی ناوبراو، پێویست دەكات ئەو یاریزانە پشووی پێ بدرێت تا لە هەر پێكانێك دووچاری دەبێت، چاك ببێتەوە. لە بەشێكی دیكەی راپۆرتی رۆژنامەی ئێس هاتووە: پێكان گورزێكی كاریگەری لە یانەی ریال داوە، بە جۆرێك سەرجەم یاریزانەكان دووچاری پێكان هاتوون، تەنیا كریستیانۆ نەبێت، لەوانە یاریزانانی وەك گۆڵپارێز ناڤاس و خیمس رۆدرێگز، مۆدریچ، گاریس بیل، كەریم بنزیما، دانیلۆ، پیپی و رامۆس هەموویان پێكانیان هەیە، بەڵام یاریزانانی یەدەگ توانیویانە بۆشایی ئەو ئەستێرانە پڕ بكەنەوە و بینیتیز لەم تەنگژەیە دەرباز بكەن. لە كۆتایی راپۆرتەكەدا رۆژنامەكە دەپرسێت: ئایا رۆناڵدۆ بە پێكراوی یاخود بە هۆی ماندووبوونێكی زۆری جەستەیی لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشێت؟ چونكە لە ئەگەری دابڕانی ئەو ئەستێرەیە ئەوا قەرەبووكرنەوەی ئەستەمە و بە هیچ یاریزانێكی تر ناتوانرێت شوێنی پڕبكرێتەوە.