شەش راهێنەر لە یانەكانیان دوورخرانەوە

شەش راهێنەر لە یانەكانیان دوورخرانەوە
لەگەڵ راوستانی یارییەكانی خولی نایابی عێراق پێش تەواوبوونی قۆناغی یەكەم بە یەك خول، تا ئێستا شەش یانە دەستبەرداری راهێنەرەكانیان بوون بە هۆكاری جیاواز، چ بەهۆی خراپی ئەنجامەكانیان یاخود خراپی باری دارایی یانیش بەهۆی بوونی كێشە لەگەڵ جەماوەر.
لەسەرەتادا یانەی شورتە دەستلەكاركێشانەوەی راهێنەر حەكیم شاكر قبوولكرد و لە شوێنی ئەو بەشێوەیەكی كاتی قەحتان جەسیر كردە راهێنەر، پاشان یانەی كەرخ دەستلەكاركێشانەوەی عیسام حەمەدی راهێنەری قبوولكرد و لە شوێنی ئەو حوسام فوزی كردە راهێنەر، دواتر یانەی نەجەف دەستلەكاركێشانەوەی عەلی وەهاب-ی قبوولكرد و لە شوێنی ئەو عیماد محەمەد-ی كرد راهێنەر و راهێنەری یانەی نەفتی میسان عەباس عەبید دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەكە كرد بەهۆی خراپی باروودۆخی دارایی یانەكە و یانەی نەفتی میسان بەفەرمی ئەحمەد دحام-ی كردە راهێنەر، و یانەی سەناعە ئەویش راهێنەرەكەی حەمزە داوودی دوورخستەوە تا ئێستا كەسی لە شوێنی ناوبراو دیاری نەكردووە.
یانەی دهۆك دوا یانە بوو، كە دەستلەكاركێشانەوەی راهێنەرەكەی قبوولكرد، كاتێك سائیر جەسام دەستی لە راهێنەرایەتی یانەكە كشاوە و تا ئێستا كەس لە شوێنی ناوبراو دەستنیشان نەكراوە.
جێگەی باسە چاوەڕوان دەكرێت ئەم ژمارەیە روو لە زیاد بوون بكات لەگەڵ دەستپێكردنی یارییەكانی قۆناغی دووەمی خولەكە.
رێبین رەمزی
Top