ئەندامێكی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان قسەكانی سەرۆكی لێژنەكە رەتدەكاتەوە

ئەندامێكی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان قسەكانی سەرۆكی لێژنەكە رەتدەكاتەوە
دوای ئەوەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان رەخنەیەكی توندی لە سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان گرت بەهۆی وڵامنەدانەوەی نووسراوی یەكێتیە سەبارەت بە دابینكردنی بودجە بۆ بەرێوەچوونی خولەكانی كوردستان، لە رۆژانی رابردوو سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان سەڵاح حەسەن خەسرەو لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا وڵامی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دایەوە، و گوتی: لە كۆبوونەوەی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان نووسراوی یەكێتیە خرایە روو بە كۆی دەنگ بڕیار درا، كە ئەم نووسراوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرزبكرێتەوە.
هەر لە دوای ئەم دیمانەیەدا كاردانەوێكی توند لە لایەن ئەندامێكی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان هەبوو.
سەعید سۆلاڤ ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا، قسەكانی سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان رەتدەكاتەوە و گوتی: لە دواین كۆبوونەوەی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، كە مانگی رابردوو لە شاری هەولێر ئەنجامدرا، بە هیچ شێوەیەك نووسراوی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان پێشكەش بە ئەندامان نەكرا و لە هەمان كاتدا هیچ دەنگدانێك لەسەر ئەم بابەتە نەكراوە، بەداخەوە سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بە تاكە لایەنە مامەڵە دەكات و بە بێ ئاگاداری ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لێدان دەدات یاخود قسە دەكات، ئەم قسانەی كە لەم بەرنامەیە كرد ئەمە بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی هیچ پەیوەندی بە مەكتەبی تەنفیزی لێژنەكە نییە.
لە درێژەی قسەكانیدا سەعید سۆلاڤ گوتی: ئێمە لە لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان هەر بڕیارێك بدرێت لە كۆنووسی كۆبوونەوەكە پەسند دەكرێت دواتر بڵاودەكرێتەوە، بەڵام ئەم بابەتە نە لە كۆبوونەوە باس كراوە و نە لە كۆنووسیش پەسند كراوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەعید سۆلاڤ گوتی: لە كۆبوونەوەی داهاتووی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان داوایەك ئاراستەی سەرۆكی لێژنەكە دەكەین، كە بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بەناوی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی لێدوان بدات و هەر لێدوانێك لە كۆبوونەوە پەسند نەكرێت و لە كۆنووس ئاماژەی پێ نەكرێت، ئەوە ئەم جۆرە قسەیە بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی.
جێگەی باسە لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان وادەیەك بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاریكرد بۆ خەرجكردنی بودجەی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، بە پێچەوانەوە كاردانەوەیان دەبێت، ئێستا وادەكە بەرەو تەواوبوون دەروات لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان هیچ كاردانەوەیەكی نییە.
رێبین رەمزی
Top