فیفا رەزامەندی سەرەتایی لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لە كوردستان داوە

فیفا رەزامەندی سەرەتایی لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لە كوردستان داوە
هەردوو یانەی نەفتی ناوەڕاست و قوە جویە بەفەرمی بڕیاریان دا یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری بۆ میوانداریكردنی یارییەكانی جامی یەكێتی ئاسیا لە وەرزی 2015-2016 وەكو یاریگەی خۆیان دەستنیشانبكەن پاش وەرگرتنی رەزامەندی یانەی وەرزشی هەولێر.
بۆ ئەم مەبستەش یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی نووسراوێكی ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كردووە بۆ چەسپاندنی داواكاری هەردوو یانە و یەكێتی تۆپی پێی ئاسیاش داوایەكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق-ی ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی كردووە بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچۆنیان لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لەسەر یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر.
ئەمرۆ پێنچشەممە بەفەرمی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی رەزامەندی سەرەتایی لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لە شاری هەولێر داوە و داوا لە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كردووە بە زووترین كات لێژنەیەكی هەلسەنگاندن بۆ شاری هەولێر بنێرێت بەمەبەستی بڕیار دانی كۆتایی لەسەر ئەم بابەتە.
تا ئێستا یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كاتی سەردانكردنی ئەم لێژنەی دیارینەكردووە و ئەگەر رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لە شاری هەولێر درا، بەفەرمی هەڵبژاردەی عێراق دەتوانێت یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018 لە یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری ئەنجام بدات.
رێبین رەمزی
Top