دۆزینەوەی یاریزانانی كچ زەحمەتە

دۆزینەوەی یاریزانانی كچ زەحمەتە
عەبدولناسر عەبدولڕەزاق ڕاهێنەری تیپی كچانی تێنسی سەرزەویی یانەی پێشمەرگەی هەولێر:


عەبدولناسر عەبدولڕەزاق یەكێك لە ڕاهێنەرە بەتواناكانی یاری تێنسی سەرزەوییە لە شاری هەولێر، ئەو شوێن دەستی دیارە لە پێگەیاندنی چەندین كچە یاریزانی تێنسی سەرزەوی لە هەولێر كە ئێستا لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقن. لە ئێستادا تێنسی سەرزەوی لە شاری هەولێر زیندوو بۆتەوە و چەندین كچە یاریزانی بەتواناشی پێگەیشتوون. ئەم راهێنەرە رۆڵی كارای بینیوە لە گرنگیدان بەم یارییە لە پایتەخت، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1970ی شاری هەولێرە و پێشتریش ڕاهێنەری هەریەك لە تیپەكانی بروسك و ئارارات و پێشمەرگەی هەولێر بووە كە بۆ ماوەی شەش ساڵ یەكەمی كوردستان بووە، خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، ئێستاش ڕاهێنەری هەریەك لە تیپەكانی یانەی پێشمەرگەی هەولێرو هەڵبژاردەی نیشتمانی كچانی عێراقە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.



* ئاستی یاریی تێنسی سەرزەوی چۆن دەبینی بەگشتی؟
- ئاستی یاریی تێنسی سەرزەوی لە شارەكانی عێراق زۆر نزمە، بەڵام دەتوانم بڵێم لە شارەكانی كوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی لە شاری هەولێری پایتەخت، رۆژ بە رۆژیش ئاستی ئەم یارییە بەرزبوونەوە بە خۆیەوە دەبینێ و یاریزانانی زیاتر ڕوو لەم یارییە دەكەن كە پاشەرۆژێكی باش لە چاوەڕوانی ئەواندایە.
*چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش بچێت و گەشە بەخۆیەوە ببینێ؟
- پێویستە لەسەر یانەكان زیاتر گرنگی بە یاری تێنسی سەرزەوی بدەن، پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس و حكومەت و كاربەدەستان یاریگای تایبەت بەم یارییە بكەنەوە لە شارەكانی كوردستان، كە یاریگای زیاتریش كرایەوە بێگومان ئاستی یارییەكە زیاتر دەگەشێتەوە و یاریزانانیش زیاتر ڕوو لەم یارییە دەكەن.
* گرفتی یاریی تێنسی سەرزەوی زیاتر لە چیدا دەبینی؟
- گرفتی سەرەكیی ئەم یارییە كەمیی یاریگایە لە شارەكان و نەبوونی پێداویستییەكانی تایبەت بە یاریی تێنسی سەرزەوی كە ئەمانە هەمووی دەبنە گرفت بۆ ئەوەی یاریزانان نەتوانن كارەكانی خۆیان بە رێكی ئەنجام بدەن.
* كردنەوەی پاڵەوانێتی بە كەمی كاریگەریی نابێت لەسەر ئاستی یاریزانان ویارییەكە؟
- بەدڵنیاییەوە كەمیی پاڵەوانێتی زۆر كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی یاریزانان و كەمی پاڵەوانێتیەكانیش نابنە هۆكار بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان، كە پێویستە زیاتر گرنگی
بە كردنەوەی خول و پاڵەوانێتی بدرێت بۆ یاریزانان و ڕاهێنەران.
* وەكو ڕاهێنەری تیپی كچان، كۆكردنەوە و دۆزینەوەی یاریزانانی تەمەن بچووك ئایا تاڕادەیەك كارێكی گران نییە؟ بە چ شێوازێك كۆیان دەكەیتەوە؟
- زۆر ڕاستە دۆزینەوەی یاریزانانی كچ كارێكی زەحمەتە، بەڵام زۆربەی یاریزانە كچەكانی تیپەكەمان نزیكی خۆمانن و لای خۆمان پەروەردە بوون، بۆیە دۆزینەوەیان هەر ئاسان بووە.
* یانەی پێشمەرگەی هەولێر چۆن هاوكاریت دەكەن؟
- یانەی پێشمەرگە پێش ئەم قەیرانە داراییە زۆر هاوكاری ئێمەیان دەكرد، بەڵام پاش ئەم قەیرانە پشتیان لێكردووین.
* هیچ یانەیەك بۆ سەرپەرشتیكردنی تیپەكانیان داوای گرێبەستیان لێ نەكردووی؟
- تاكو ئێستا هیچ یانەیەك داوای گرێبەستی لێ نەكردووم.
*بڕیارت نەداوە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بۆ هەولێر بكەیتەوە؟
-ئێستا قوتابخانەیەكی تێنسی سەرزەویمان كردۆتەوە كە یەكێتیی تێنسی سەرزەوی لقی هەولێر سەرپەرشتی دەكات، بەڵام من مەشق و ڕاهێنانیان پێ ناكەم، لەبەر ئەوەی من سەرقاڵم بە ڕاهێنەرایەتیی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق.
* هیواو ئاواتت وەكو ڕاهێنەرێك لەم یارییەدا چییە ؟
- هیواو ئاواتم ئەوەیە كۆمەڵگەیەكی تێنس بكرێتەوە لە كوردستان و بەتایبەت لە شاری هەولێر بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بەم یارییە بكەین.
* لەم یارییە بۆ داهاتووی خۆت پێشبینی چی دەكەی؟
- داهاتووم لەمە باشتر نابێت، بەڵام لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەم یارییە بەردەوام دەبم لە خزمەتكردن بە یارییەكانی تێنسی سەرزەوی لە شاری هەولێر و كوردستان و عێراق.
* لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت مابێت؟
- دەمەوێ سوپاسی گۆڤاری گوڵان-ی خۆشەویست بكەم بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانانی شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.
Top