ئامانجم شكاندنی ژمـارەیەكی پێوانەییە

ئامانجم شكاندنی ژمـارەیەكی پێوانەییە
یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان شاجوان جەبار:

* چۆن بوو خۆت لە نێو دنیای یاریی گۆڕەپان و مەیدان دۆزییەوە؟
- بە حەز و ئارەزووی خۆم ئەو یارییەم هەڵبژارد و ئاستێكی زۆر باشیشم لەم یارییەدا هەبووە.
* ئاستی یاریی گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان چۆن دەبینی؟
-ئاستی گۆڕەپان و مەیدان لەم كاتەی ئێستادا بەرەو لاواز بوون دەچێت، بەهۆی نەبوونی مووچە و نەبوونی پاڵەوانێتییەكان، ئەگەر هەر بەم شێوەیەش بەردەوام بێت ئاستی ئەم یارییە زۆر خراپتریش دەبێت، بۆیە پێویستە هەرچی زووە خەمێك لەم وەرزشە بخورێت.
* هەست ناكەی ئەم یارییە بە هۆی نەكردنەوەی پاڵەوانێتی بەرەو لە ناوچوون دەچێ؟
-بەڵێ، لە ئێستادا بەهۆی نەكردنەوەی خول و پاڵەوانێتی ئاستی ئەم یارییە لە پاشەكشەدایە و ئەگەری لە پاشدانی زۆرە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، چارەسەری پێویستی بۆ دۆزرێتەوە.
* بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە پێتوایە دەبێ چی بكرێت؟
- كردنەوەی خول و پاڵەوانێتی بەردەوام بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی وەرزشیی ئەم یارییەش رێگە چارەسەر بۆ ئەوەی ئەم یارییە گرفتی بۆ دروست نەبێت، جگە لەوەش كردنەوەی یاریگای تایبەت و دابینكردنی كەل و پەلی پێویست بۆ وەرزشكاران ئەوانە هەمووی دەبنە هۆكار بۆ زیاتر پێشكەوتنی ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان.
* وەكو یاریزانێك گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی ؟
-گرفتی سەرەكیی ئێمە نەبوونی پاڵەوانیەتییە، هەروەها گرفتی مووچەیە كە ئەم بارودۆخەی ئێستای گرتۆتەوە لە كوردستان و عێراقیش بەشێكە لە گرفتی یاریزانان.
* خەونی وەرزشی و بەرنامەت بۆداهاتووت چییە؟
- دەمەوێت ببمە یاریزانێكی زۆر سەركەوتوو، كە بتوانم لە ئۆڵۆمپیات بەشداری بكەم، ئەوە تاكە ئامانجی منە وەكو یاریزان. وەكو سەرجەم وەرزشكاران ئامانجم شكاندنی ژمارەیەكی پێوانەییە كە بە ناوی خۆم بێت لەسەر ئاستی عێراق و بگرە جیهانیش.
* ماوەیەك پێش ئێستا لە یاریی فوتساڵ بینرای، ئایا بەنیازی روو لەم یارییەش بكەی؟
- بەڵێ، من ئاستێكی زۆر باشم هەیە لە یاریی فوتساڵیشدا، بە باشترین گۆڵپارێز دەستنیشان كرام لە پاڵەوانێتیی یانەكانی پارێزگای سلێمانی، هەر نەیانگوتووە شاجوان پاڵەوانی گۆڕەپان و مەیدانە، بەڵكو پاڵەوانی فوتساڵیشم، هەوڵدەدەم لەم یارییەش ئاستم بەرەو پێش بچێت، كە ئێستا یانەكان لە ئاستی كچان گرنگی باش بەم یارییە دەدەن.
* بەهیوای ئەوە نیت هەڵبژاردەی كوردستان لە یاری گۆڕەپان و مەیدان دابمەزرێ تۆش یەكێك بیت لە یاریزانانی؟
- بەڵێ، زۆریش بەهیوای ئەوەم، تاكە هیوای من ئەوەیە یاریی گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان بەرەو پێش بچێت و هەڵبژاردەی كوردستانیش دابمەزرێ من یەكێك بم لە یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە.
* خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزشكردن؟
- بە شێوەیەكی زۆر هاوكار و پاڵپشتمن بۆ یارییەكانم ئەو سەركەوتنانەشم بەهۆی خانەوادەكەم و ڕاهێنەرەكەم و هاوڕێكانمەوەیە كە هەموو كات هانم دەدەن و پشتگیریم دەكەن.
* هیچ یانەیەك داوای گرێبەستی لێ نەكردوویت؟
- نەخێر تاكو ئێستا، منیش بەردەوامم لە وەرزشكردن لە ریزی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی.
* لە كۆتاییدا چیت ماوە ؟
-هیچ شتێكم نەماوە تەنیا رێز وخۆشەویستیم بۆ گۆڤاری گوڵان و تەواوی یاریزانان و ڕاهێنەران لە یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی بەهیوای ئەوەشم ئەم قەیرانە چارەسەر بێت.
Top