هەر چەندە ئەم وەرزە موراد نەجات یاریزانی كوردی تاراوگە و پێشووی یانەی هەولێر نیازی ئەوەی هەبوو لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان یاری بكات، بۆیە بۆ ماوەیەكیش گەڕایەوە وڵاتی نەمسا بە مەبەستی پشوودان لەگەڵ خانەوادەكەی و لەم ماوەیەشدا چەندین گرێبەستی لەلایەن یانەكانی عێراقی پێشكەش كرابوو بۆ ئەوەی یاری بۆ یانەكان بكات لە خولی نایابی یانەكانی عێراقی، بەڵام دواجار بەهۆی خۆشەویستیی كوردستان و خولەكەی یانەیەكی شاری دهۆكی هەڵبژارد و بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی زێرەڤانی مۆركرد، یانەی زێرەڤانیش ئەمساڵ جیاواز لە ساڵان گرفتی دارایی هەیە، بۆیە زیاتر پشت بە یاریزانانی ناوخۆیی دەبەستێت، لە بارەی مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ موراد گەردی،عەبدولخالق حەسەن سەرۆكی یانەی وەرزشی زێرەڤانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە كە خاوەنی سێ نازناوی خولی نایابی یانەكانی كوردستانین، بۆیە دەمانەوێ هەر بەم ئاستە بەردەوام بین لە پێشخستنی ئاستی یانەی وەرزشیی زێرەڤانی و پاڵەوانی لە دەستنەدەین. ئێمە ئەم وەرزە هەر چەندە گرفتی داراییمان هەیە وەكو سەرجەم یانەكانی تری كوردستان، هەر بۆیە تەنیا 3 یاریزانی دەرەوەی شاری دهۆكمان هێناوەتە ریزی یانەكەمان، هاتنی موراد گەردی -یش بۆ یانەی ئێمە سوودی زۆری دەبێت و بە فەرمی رێككەوتن لەگەڵ یاریزانە كراوە، خۆیشی ئەوەی بە ئێمە راگەیاندووە كە ئەو لە نێوان چەندین یانەی گەورەی بەشدار لە خولی عێراقی كە پارەی خەیاڵییان بۆ داناوە، بەڵام ئەو لە بەرامبەر گرێبەستێكی ئاسایی لەگەل یانەی زێرەڤانی رێككەوتووە». لە بارەی بڕی گرێبەستەكەشی عەبدولخالق گوتی: «وەكو سەرجەم یاریزانەكانی یانەكەمان گرێبەستی ئەم یاریزانە ئاساییە و تەنیا ئەوە نەبێت كە ڕەنگە چەند ملیۆنێك جیاوازی هەبێت، بۆیە ناشمانەوێ گرێبەستی هیچ یاریزانێك ئاشكرا بكەین، ئەوە ماوەی چەند ساڵێكە ئێمە گرێبەستی یاریزانان ئاشكرا ناكەین لە یانەی زێرەڤانی». ئەوەشی خستەڕوو كە ماوەی گرێبەستەكە یەك ساڵە ئەوەش ماوەیەكە كە موراد هیواخواز بووە یاری بۆ یانەی زێرەڤانی بكات لە خولی كوردستان، گوتیشی: «بەهیوای ئەوەشین ئەم وەزرە بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین بە پشت بەستن بە یاریزانانی بەتوانای یانەكەمان و كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە بكەین لە خولی كوردستان و درێژە پێدەری ئەنجامی باش بین.