لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا قەیرانی دارایی سەرجەم جومگەكانی گرتۆتەوە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە زۆربەی یەكێتییە وەرزشییەكانی كوردستان چالاكییەكانیان ئەنجام نەداوە و لە چاوەڕوانی لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستانن، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لایەك بە یەلاك بكەنەوە و بڕی پارەی پێویستیان دەستكەوێت بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەكانی ئاستی جیاواز بۆ كوڕان و كچان، یەكێتیی تۆپی دەستیی كوردستانیش تاكو ئێستا هیچ چالاكییەكی ئەنجام نەداوە و یانەكانیش لە چاوەڕوانی ئەوانن، تاوەكو یەكێتییەكە بڕیارێك بدەن بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكارییەكانیان بكەن. لە بارەی ئەنجامدانی پاڵەوانێتی و دەست پێكردنەوەی چالاكییەكانیان سەركەوت موحسین سكرتێری یەكێتیی ناوەندیی تۆپی دەستیی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە ئامادەین بۆ دەستپێكردنی چالاكییەكانمان، بەڵام لە ئێستادا ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوەین كەوا لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان ئەو بڕە پارەی دەستبكەوێت، بۆ ئەوەی بیدات بە یەكێتییە وەرزشییەكان، لێژنەی ئۆڵۆمپیش نووسراوی كردووە بۆ وەزارەتی دارایی تاكو سەرەتای مانگی داهاتوو وەڵامی پێویست وەردەگرن، بۆیە ئێمەش كە پارەمان بۆ هات دەست بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتی و خول دەكەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ماوەیەكی زۆرە هیچ چالاكییەكمان ئەنجام نەداوە، یانەكانیش لە چاوەڕوانی ئەوەن بۆ ئەوەی هەر چی نەبێت خولێك، یان پاڵەوانێتیەك هەبێت، یاریزانانیش لەم بارودۆخە ماندوو بوون كە هەر چاوەڕوان بن و هیچ چالاكییەك نەبێت، ئێمەش كە پارەمان نەبێت، بە هیچ جۆرێك ناتوانین كاری خۆمان ئەنجام بدەین.»