لەگەڵ ئەوەی وەرزی ڕابردوو یانەی وەرزشیی پێشمەرگەی هەولێر توانی پلەی چوارەمی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەم وەرزە لە هەوڵی ئەوەدایە كە تیپێكی جیاوازتر درووست بكات بۆ وەرزی نوێی خولەكە و چاویشی لە كێبڕكێكردنە لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكە، لە ئێستاشدا یانەكە دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان. لە بارەی ئامادەكارییەكانیش سەمیر بابۆ ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشیی پێشمەرگەی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە دەستمان بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ ئەم وەرزە تاكو بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، جگە لەوەش ئەمساڵ نزیكەی 12 یاریزانمان لە ریزی یانەكە دوورخستۆتەوە و بەنیازی ئەوەین یاریزانی دیكە بهێنین بۆ ئەوەی شوێنی ئەوان پڕ بێتەوە، بەڵام قەیرانی دارایی بۆتە گرفت بۆ ئێمە لە هێنانی یاریزانان، بۆیە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەك لە یاریزانانی تیپی لاوانمان سەرخستووە بۆ ئەوەی سوود لە تواناكانی ئەوان ببینین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكە»، لەبارەی هێنانی یاریزانی تریش لە شارەكانی كوردستان سەمیر گوتی: «ئێمە بە فەرمی قسەمان لەگەڵ ژمارەیەك لە یاریزانان كردووە بۆ ئەوەی پێوەندی بە یانەكەمانەوە بكەن، هەریەك لە یاریزانان ئەحمەد سالار لە یانەی سلێمانی و هاوڕێ جەلال لە یانەی نەورۆز گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە و ڕەزامەزاندیی خۆیان نیشانداوە بۆ یاریكردنیان لە ریزی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، بەڵام تاكو ئێستا بە فەرمی هیچ كارێكمان تەواو نەبووە لەگەڵ ئەم یاریزانانە، جگە لەوانەش ئێمە ژمارەیەك یاریزانی تریش دەهێنین، ئەمساڵ بەگشتی چاومان لەوەیە جیاواز بین لە یانەكانی تر لە پاڵ هێنانی یاریزاناندا، گرنگیی بە تواناكانی یاریزانانی لاوی یانەكەمان دەدەین، داوكارین لەلایەنی بەرپرس هەرچی زووە هاوكاری وەرزش بكەن بۆ ئەوەی بواری وەرزشی جارێكی دی ببووژێتەوە، چونكە ئێستا سەرجەم یانەكانی بەدەست گرفتی داراییەوە دەنالێنن.»