كوردێكی تاراوگە دەبێتە ڕاهێنەری ئەكادیمیایەك

كوردێكی تاراوگە دەبێتە ڕاهێنەری ئەكادیمیایەك
دوای ئەوەی یانەی (FavAC)ی سویسری بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە ئاستەكانی تەمەنی بچووك لە یانەكەی و پێگەیاندنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی وڵاتەكە، بە دوای ڕاهێنەرێكی بەتوانای ئەزمووندار دەگەڕا بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی خاوەن ئاست بەرز بۆ سوود وەرگرتنیان لە داهاتوو، دەستەی كارگێڕیی یانەی (FavAC)بە فەرمی بڕیاری دا یاریزانی یانەكەی رۆژگار زراری یاریزانی بەتوانای یانەكەی بكاتە ڕاهێنەری ئەم ئەكادیمیایە. لە بارەی پێوەندیكردنیی بەم تیپە ئاست بچووكە رۆژگار بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «دەستەی كارگێڕی یانەكەمان بە فەرمی داوایان لەمن كرد وەكو یاریزانی سەرەكیی یانەكە ئەركی بەڕێوەبردنی ئەم ئەكادیمایە بەڕێوە ببەم، بۆیە منیش لەسەر داوای ئەوان هەم وەكو یاریزان و هەم وەكو ڕاهێنەری ئەكادیمیایەكە دەستبەركارم و لەم ماوەیەشدا یاریزانانی تەمەن بچووكمان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی مەشقیان پێبكەین و ئامادەیان بكەین بۆ دواڕۆژی یانەكەمان و سوودوەرگرتن لە توانا و ئەزمونی ئەوان، هەموو هەفتەیەك بۆ ماوەی سێ رۆژ سەرجەم یاریزانان كۆدەكەینەوە و مەشقیان پێدەدەین و فێری هونەری یاریی تۆپی پێیان دەكەین، ئەم كارەش بۆ من زۆر باشە وەكو یاریزانێك بۆ دواڕۆژی خۆیشم ئەگەر بوومە ڕاهێنەرێكی بەتوانا كە لێرەوە دەستم پێكردووە هەنگاو بە هەنگاویش كاری باشتر دەكەین، ئەوەش دەسەلمێنین كە ئێمەی كورد هەر كارێكمان پێ سپێردرابێت، دەتوانین بە سەركەوتوویی بەڕێوەی ببەین، پەنا بە خوای گەورە لە داهاتوودا دەتوانین سوود بە وەرزشی كوردستانیش بگەیەنین».
Top