ساڵح جابر دەستی لە یانەی زاخۆ بەرنابێت

ساڵح جابر دەستی لە یانەی زاخۆ بەرنابێت
هەر چەندە ساڵح جابر ماوەی زیاتر لە پێنج وەرزە لە ریزی یانەی زاخۆ یاری دەكات، ئەم وەرزش لەسەر داواكاری دەستەی كارگێڕی یانەی وەرزشی زاخۆ بۆ وەرزێكی تریش گرێبەستی لەگەڵ یانەكە نوێ كردوە سەرەڕای ئەوەی كە چەندین گرێبەستی پێشكەش كرابوو لەلایەن یانەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەڵام ساڵح زاخۆی بە باشتر زانی لە ناو هەموو یانەكان، بۆ یانەی زاخۆ یاری بكات. لە بارەی ڕەتكردنەوەی سەرجەم گرێبەستەكان و مانەوەی لە ریزی یانەی زاخۆ ساڵح جابر بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «یانەی زاخۆ یانەیەكی گەورەیە و رێز لە یاریزانانی خۆی دەگرێت و زۆریش بە وەفایە بۆ یاریزانانی تیپەكەی، منیش ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە ریزی یانەی وەرزشی زاخۆ یاری دەكەم لە هەردوو خولی یانەكانی عێراقی و كوردستان، بۆیە سەرۆكی یانەی وەرزشی زاخۆ ئەو پێ باش بوو كە ئەمساڵیش درێژە بە كاروانی وەرزشی بدەم لەگەڵ یانەی زاخۆ، منیش داواكەی ئەوانم قبووڵ كرد، هەرچەندە گرێبەستم لە یانەیەكی وڵاتی رۆمانیا و چەند یانەیەكی عێراقی پێگەیشتبوو بۆ ئەوەی بە فەرمی یارییان بۆ بكەم لە خولی یانەكانی رۆمانیا و عێراق، بەڵام نەمتوانی داوایەكی یانەی زاخۆ رەتبكەمەوە. من لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لەگەڵ یانەی زاخۆ زۆر ئاسوودە بووم و ئەوان بەردەوام هاوكاری منیان كردووە لە كارگێڕانی یانەكە و یاریزانان و هاندەرانی تیپەكەش بۆیە دەستبەرداربوون لە تیپەكە زۆر ئاسان نییە بۆمن». لە بارەی هاتنی ستانی ڕاهێنەری رۆمانی ناوبراو وتی: من زۆر هاوكاری یانەی زاخۆم كرد لە دەستنیشانكردنی راهێنەر بۆیان و ئەوانم بە یەك گەیاند لەگەڵ ڕاهێنەری ناوبراو لە هێنانی یاریزانانیش هەر هاوكاری یانەكەم كردووە، بۆ كەمپی مەشقیش لە گشت روویەكەوە من هاوكاری یانەی زاخۆ بووم. ئەمساڵیش لەسەر داوای ڕاهێنەری رۆمانی لە ریزی خولی عێراقی یانەكە یاری دەكەم، هەموو هەوڵێكم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی ئەمساڵ بتوانین ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنین لە خولی نایابی یانەكانی عێراقی. هەرچەندە لە چەند یارییەك ئەنجامان وەكو پێویست نەبووە، ئەویش كاریگەری بێ هاندەری و ئەوانەمان لەسەر بووە، بەڵام بە بەهێزی دەگەڕێینەوە و دەتوانین ئەنجامی شایستە بەدەستبهێنین.
Top