تیپی باسكەی كچانی سیروانی نوێ توانی بۆ یەكەمجار بە نازناوی خولی نایابی یانەكانی عێراقی ئاشنا بێت و بە نوێنەرایەتی كچانی یانەكانی عێراق بەشداری لە جامی باسكەی یانەكانی عەرەبی بكات لە 12ی ئەم مانگە لە وڵاتی میسر بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەم مەبەستەش كچانی سیروانی نوێ لەسەر دەستی مامۆستا رزگار رەئوف ڕاهێنەری تیپەكە مەشقێكی چڕیان دەستپێكردووە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكەدا، جگە لەوەش تیپی باسكەی یانەكە بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ دوو یاریزانی پیشەگەری زانكۆكانی ئەمریكا مۆركردووە بە هیوای كێبڕكێ كردن لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە لە پاڵەوانێتییەكە. لە بارەی ئامادەكارییەكان و بەشداریكردنیان لەم پاڵەوانیتیە رزگار رەئوف ڕاهێنەری باسكەی كچانی سیروانی نوێ بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «ئێمە لە شاری سلێمانی دەستمان بە مەشقەكانمان كردووە بۆ خۆئامادەكاریمان بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتی یانەكانی وڵاتانی عەرەبی، یەكمجاریشە وەكو كچانی كورد بەشداری لەم پاڵەوانێتییە دەكەین و ئامانجی گەورەشمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بیسەلمێنین كە كچانی كوردستان دەتوانن كێبڕكێ لەسەر نازناوی گەورەش بكەن، بۆ خۆبەهێزكردنیش دوو یاریزانانی خولی زانكۆكانی ئەمریكامان هێناوەتە ریزی یانەكە بە ناوەكانی (بریا هاریس و بریتانی شاین)كە بە ڕەگەز ئەمریكین و خاوەن ئاستێكی بەرزن لە یاری باسكە. بە سوپاسەوە پارێزگاری سلێمانی پارەی دوو یاریزانە پیشەگەرەكە و شوێنی حەوانەوە مووچە و نانخواردنی یاریزانە پیشەگەرەكانی لە ئەستۆ گرتووە، ئیدارەی یانەكەشمان بڕی 6ملیۆن دیناریان داوە بۆ تیپی باسكە بۆ ئەم خولە بەهێزە، جگە لەوەش لە زەنگینەكانی شاری سلێمانی بڕی10ملیۆن دینارمان پەیدا كردووە و هەمووی پارەكەمان 20ملیۆن دینارە و پێویستمان بە 35ملیۆن دیناری دیكە دەبێت بۆ بەشداریكردن لەم پاڵەوانێتییە، چونكە ئێمە وەكو تیپ تا دەگەینە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر زیاترلەو پارەیەمان پێویستە.