خوێندنەوەیەك بۆ یارییەكانی هەفتەی چوارەمی خولی نایابی عێراق
لە كۆمەڵەی یەكەم یانەی دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی میوانداری یانەی تەڵەبە دەكات، هەرچەندە یانەی دهۆك لە كۆی سێ یاری تووشی دوو دۆران هاتووە تەنیا خاوەنی سێ خاڵە، تا ئێستا ئاست و ئەنجامی یانەكە بە دڵی هاندەران و دەستەی كارگێری یانەكە نییە، بۆیە هەرچۆنێك بێت دهۆك هەوڵ دەدات لەبەرانبەر یانەی تەڵەبە تووشی شكست نەبێت، بە پێی چەند زانیارییەك ئەمە دواین هەلە بۆ راهێنەری یانەكە سائیر جەسام بۆ راستكردنەوەی تیپەكە لەم باروودۆخی ئێستادا، چونكە دەستەی كارگێری یانەكە هەموو شتێكی بۆ تیپەكە دابین كرد لە رووی گرێبەستی باش و ئۆردوگای مەشقی، كە لە توركیا ئەنجامیان داوە، بە پێی هەمان سەرچاوە باس لەوە دەكرێت دەستەی كارگێری یانەكە بەتەواوی لەگەڵ راهێنەری پێشووی یانەكە حازم ساڵح رێكەوتووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەى دهۆك لە خولی عێراق، یارییەكەش كاتژمێر 3:30 خولەك ئەنجام دەدرێت.
لە كۆمەڵەی دووەمی هەمان خول یانەی هەولێر رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری میوانداری یانەی حدود دەكات یارییەكەش كاتژمێر 5 ئەنجام دەدرێت، یانەی هەولێر هەوڵ دەدات لەم یارییە قەرەبووی لە دەستدانی دوو خاڵی یارییەكەی بەرانبەر كەربەلا بكاتەوە، كاتێك بەشێوازێكی تر لە یارییەكەی حدود یاری بكات، هەرچەندە یانەی حدود خاوەن چوار خاڵە و توانی ئەنجامێكی چاوەڕوانەكراو بەرانبەر یانەی زاخۆ تۆمار بكات، ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە گرنگە بە تایبەتی بۆ یانەی هەولێر، كە یارییەكەی لە نێو یاریگا و جەماوەری خۆی ئەنجام دەدات.
هەر لە هەمان رۆژدا لە كۆمەڵەی دووەم لووتكەی یارییەكانی ئەم كۆمەڵە ئەنجام دەدرێت، كاتێك یانەی زاخۆ میوانداری یانەی شورتە دەكات.
یانەی زاخۆ ئاست و ئەنجامی بە دڵی هاندەران و دەستەی كارگێری یانەكە نییە، لە كۆی سێ یاری تەنیا خاوەنی دوو خاڵە، بۆیە راهێنەرە رۆمانیەكەی یانەی زاخۆ هەوڵ دەدات هەلی ئامادەبوونی جەماوەری یانەكە بۆ یەكەم جار لەم وەرزدا بقۆزێتەوە بمەبەستی بە دەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە بۆ ئەوەی بتوانێت متمانەی دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ وەربگرێتەوە، كە رەنگە ئەمە دواین هەل بێت بۆ راهێنەری ناوبراو، لە بەرانبەردا یانەی شورتە لە سێ یاری خاوەنی شەش خاڵە ئاستی یانەكە بە دڵی جەماوەر و دەستەی كارگێری یانەكە نییە و یاریزانان لەژێر فشارێكی زۆری هاندەران دان، بۆیە هەوڵ دەدەن لە یارییەكی زاخۆ هەلی خراپی باری دەروونی یاریزانانی زاخۆ بقۆزنەوە بە سێ خاڵی یارییەكە بگەرێنەوە شاری بەغداد، یارییەكەش لە یاریگەی دلال كاتژمێر 3:30 خولەك ئەنجام دەدرێت، خشتە و كاتی یارییەكان بەمشێوەیە:
رۆژی سێشەممە 29/9/2015
دهۆك - تەڵەبە كاتژمێر 3:30ی خولەك
زەورا - نەفت
سەماوە - كەرخ
نەفت میسان - كارەبا
نەفتی ناوەڕاست - نەفتی جنوب
رۆژی چوارشەممە 30/9/2015
هەولێر - حدود كاتژمێر 5
زاخۆ - شورتە كاتژمێر 3:30 خولەك
نەجەف - سەناعە
كەربەلا - ئەمانە بەغداد
قوە جویە - مینا
جێگەی باسە دوای تەواوبوونی یارییەكانی ئەم هەفتەیە بۆ ماوەی دوو هەفتە خولی عێراق دەوستێت بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردەی عێراق یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018.
رێبین رەمزی
