هۆكارى سەردانی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بۆ شاری هەولێر بزانە
ئامانجی یەكەم، سەردانی كردنی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، كە بۆ ماوەی هەفتەیەك ئۆردوگایەكی مەشقی لە شاری هەولێر ئەنجامدا بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی نەتەوەكانی ئاسیا لەسەر ئاستی لاوان، كە لە وڵاتی تاجیكستان ئەنجام دەدرێت، لەم سەردانەدا وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق پشتگیری خۆی بۆ هەڵبژاردەكە دووبارەكردووە.
ئامانجی دووەم و ئامانجێكی سەرەكی گەشتەكەی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بوو، چاككردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی عێراق حوسێن سەعید و ناجیح حەمود، دوای ئەوەی پەیوەندی ئەم دوو كەسایەتیە بەرەو خراپی رویشت، بەهۆی هەڵبژاردەنی ناجح حەمود بۆ پۆستی سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە دژی حوسێن سەعید، هۆكاری چاككردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو كەسایەتیەكە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، كە دوای جەژنی قوربانی پیرۆز حوسێن سەعید بەفەرمی لە شاری بەغداد پۆستی رێكخەری پەیوەندییە وەرزشییەكانی نێوان وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق و حكوومەتی عێراق وەردەگرێت بۆیە وەزیر هەوڵ دەدات پێش وەرگرتنی پۆستەكە، پەیوەندی حوسێن سەعید و لایەنەكان چاكباتەوە.
ئامانجی سێیەم و كۆتایی سەردانەكە ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری یانەكانی شاری كەركووك و پارێزگاكانی ئەنبار و موسل و تكریت بۆ ئەوەی گوێبیستی كێشە و گرفتەكانی ئەم یانانە ببن، بەتایبەتی ئەو یانانەی، كە ناوچەكانیان دەكەوێت ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، لەم كۆوبونەوەیە هەریەكە لە (نەوزاد قارد، عەدنان عومەر، هونەر ساڵەیی) نوێنەرایەتی یانەكانی كەركووكیان كرد و چەندین كێشە و گرفتی یانەكانی كەركووكیەكان خستە بەردەم وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، كە گرنكتریان برینی بودجەی یانەكانی كەركووكە، لەم كۆبوونەوەیە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بەڵێنی هاوكاری گشت یانەكانی عێراق بە گشتی و ئەو یانانەی كە لە شەری دژی نیرۆریستانی داعش زەرمەند بووینە و هەروەها بەڵێنی پێداچوونەوەی هەندێك لە بڕیارەكانی داوە وەكو هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك لە یانەكانی عێراق.
جێگەی باسە لەم گەشتەدا سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق عەبدولخالق مەسعود یاوەری وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بوو و هەروەها سەرۆكی یانەی هەولێر د. عەبدوڵڵا مەجید و حوسێن سەعید و ناجیح حەمود هاوشاندی وەزیر بوون لە كۆبوونەوەكان.
رێبین رەمزی
