بالەی شەقڵاوە بەشداری خولی بژاردەی عێراقی ناكات پێویستی بە 400ملیۆن دینار بوو

بالەی شەقڵاوە بەشداری خولی بژاردەی عێراقی ناكات پێویستی بە 400ملیۆن دینار بوو
دوای ئەوەی ئەم قەیرانە داراییە قووڵە هەرێمی كوردستانی گرتەوە و یانەكانیش زەرەرمەندی یەكەمی بواری وەرزش بوون و تاكو ئێستاش نەیانتوانیوە یانەكانیان بە شێوەیەكی باش بەڕێوەببەن و زۆربەی كارەكانیان بە قەرزاریی كردووە، لەئێستاشدا ژمارەیەك لە یانەكانی كوردستان بەشداریكردنیان لە خول و چالاكییەكان هەڵپەساردووە بەهۆی هاوكاری نەكردنیان لەلایەن حكومەتەوە، تیپی تۆپی بالەی شەقڵاوەش یەكێكە لەو یانانەی كە ساڵانە خاوەن ئاستێكی بەرز بووە لە خولەكاندا و ژمارەیەكی گەورەش بووە لە خولەكە، بەڵام بۆ خولی بژاردەی یانەكانی عێراقی بە فەرمی پاشەكشەی لە خولی بژاردەی عێراقی راگەیاند بەهۆی ئەم قەیرانەی كە بەرۆكی یانەكەی گرتووە.
بڕیارە یارییەكانی خولی بژاردەی عێراقی لە 15ی مانگی داهاتوو بە بەشداریی شەش یانەی شارەكانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە بارەی پاشەكشەكردنی تیپی شەقڵاوە لەو یارییانە، فەرهاد خەیات سەرۆكی یانەی وەرزشی شەقڵاوە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە سەرەتا بڕیاری ئەوەمان دابوو كە بەشداری كێبڕكێیەكانی خولی بژاردە بكەین، بەڵام بەهۆی بێ ئیمكانییەتی یانەكەمان پاشەكشەكردنمان پێ باشتربوو لە خولەكە. ئێمە لە هەموو دەرگاكانمان دا، كەس یەك دینار هاوكاریی نەكردین، بەشداریكردن لە خولی بژاردەش ئاسان نییە و یانەكانی تریش هەموویان بەهێزن و شەش یانە لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی و بەسڕا و بەغدا بەشداری یارییەكان دەكەن ئەوەش خەرجیی دەوێت، ئێمە بۆ سەرجەم یارییەكان بە گرێبەستی یاریزانان پێویستمان بە بڕی 400 ملیۆن دینار خەرجیی هەیە، ئەوەش بۆ ئێمە بڕێكی یەكجار زۆرەو ناتوانین دابینی بكەین، جگە لەوەش ئێمە زیاتر لە 600 بۆ 700 ملیۆن دینار قەرزارین كە رۆژ بە رۆژ پارەی زیاتر لەسەرمان كەڵەكە دەبێت، بە هۆی ئەم قەیرانەش ژمارەیەك لە یاریزانانی تیپەكەمان ریزی پێكهاتەی یانەكەیان جێهێشتووە و بەرەو یانەكانی تر كۆچیان كردووە، ئەوەش كاریگەریی خۆی هەیە لەسەرمان». لە بارەی یارییەكانی كۆمەڵەكانیش گوتی: «ئەمساڵ شێوازی گردبوونەوە پەیڕەو دەكرێت، بۆیە ئەوەش پارەی زیاتری دەوێت.»
Top