یانە كوردستانیەكانی خولی عێراق چوار خاڵیان بە دەستهێنا

یانە كوردستانیەكانی خولی عێراق چوار خاڵیان بە دەستهێنا
رۆژی دووشەممە خولی نایابی عێراق ناسراو بە خولی (خولی فۆكس) دەستی پێكرد، كە تیاییدا هەر سێ یانەی هەولێر و زاخۆ و دهۆك بەشداری لەم خولە دەكەن و هەر سێ یانە تەنیا چوار خاڵیان بە دەستهێنا.
لە شاری دهۆك یانەی دهۆك میوانداری یانەی نەفتی جنوب-ی كرد، لەم یارییە یانەی دهۆك تووشی دۆران هات بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ، گۆڵەكەی دهۆك لە رێگەی یاریزان (خالید موشیر) تۆمار كرا.
لە شارۆچكەی زاخۆ، یانەی زاخۆ یەكەم یاری خۆی لە نێو یارێگای دلال بە بێ ئامادەبوونی جەماوەر لە دژی یانەی مینا ئەنجامدا، لەم یارییەدا هەردوو یانە بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ یەكسانبوون، تاكە گۆڵی یانەی زاخۆ لە رێگەی پیشەگەری رۆمانی (میلكا) تۆمار كرا.
لە شاری هەولێر و لە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بە ئامادەبوونی جەماوەری زۆری یانەكە، یانەی هەولێر میوانداری یانەی ئەمانە بەغداد-ی كرد، لەم یارییە یانەی هەولێر توانی سەركەوتنێكی گرنگ تۆمار بكات بە ئەنجامی (2-0) گۆڵ، گۆڵەكانی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (محەمەد خالید جفال، باسل مستەفا) تۆمار كرا.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم یارییە یانەی هەولێر بە هەشت یاریزانی شاری هەولێر لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكە یاریكرد.
رێبین رەمزی
Top