سلێمانی نیازی باڵادەست بوونی لە هەموو عێراق هەیە
كۆچەر فاروق یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی لە بارەی یارییەكە و ئاستی تیپەكەیان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «تۆپی سەرمێز لە كوردستان زۆر باشە، بەڵام بەهۆی ئەم كێشە داراییانەی ئەم دواییە تا ڕادەیەك تیپەكانی كوردستان بەشداری كێبڕكێیەكانی دەرەوەی كوردستانیان نەكردووە، ئەوەش تا ڕادەیەك بۆتە كێشە بۆ یاریزانان لە بەشداری نەكردنیان لە پاڵەوانێتییەكان، لەبڕی یانە كوردییەكانیش یانەكانی باشووری عێراق بە مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی كورد توانیویانە ئەو بۆشاییەی یانەكانی كوردستان پڕ بكەنەوە و خۆشیان پێش بخەن. ئەمساڵ وەك تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی سلێمانی دەستمان بە چالاكییەكان كردۆتەوە و بەڵێنی ئەوەمان داوە كەوا یانەی سلێمانی چۆن ساڵان پاڵەوانی عێراق و كوردستانیش بووە، هەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە و پێموایە دەتوانین سەرجەم نازناوەكان بچنینەوە، خۆشمان بۆ خولەكانی عێراق ئامادە كردووە لە پاڵاوتنەكانیش توانیمان ببینە یەكەمی گرووپەكەمان.» لە بارەی گرفتەكانیشیان گوتی: «تەنیا گرفتی داراییمان هەیە، ئەوەش گرفتی سەرجەم وەرزشكارانی كوردستانە.»
عومەر یاد یاریزانی لاوی تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانییە ئەویش رایوایە ئاستی یاری تۆپی سەرمێز لە شارەكانی كوردستان گرنگی پێویستی پێدراوە، بەڵام شاری سلێمانی لە پێشەوەی سەرجەم شارەكانی كوردستان و عێراقدایە، نموونەشی بەوە هێناوە كە چەندین یاریزانی بەتوانای شاری سلێمانی و یانەكیان لە پێشەوەی ریزی هەڵبژاردەی عێراقین. گوتیشی: «ئێمە لە چاو یانەكانی تر گرنگی زۆر بە یارییەكانی تۆپی سەرمێز دەدەین، یانەكەشمان كەمتەرخەمی نەكردووە لە گرنگیدان بە یاریزانانی لاو و پێشخستنیان لەم یارییە بە دابینكردنی ڕاهێنەری بەتوانا و پشتگیری كردنی تیپ و سەرجەم كارەكانی بۆ ئاسان كردوون، ئەمساڵیش ئێمە كە بووینە پاڵەوانی كوردستان بەڵێنی ئەوەمان داوە ببینە پاڵەوانی عێراقیش، ئاستی یاریزانانیی رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەو پێش دەچێت. پێویستە زیاتر خول بكرێتەوە و زیاتر گرنگی بە ئاستی یاریزانانی تەمەن بچووك بدەن، ئێمە وەكو یاریزانان گرفتی ئەوتۆمان نییە، تەنیا گرفتی داراییە كە ئەوەیش گرفتێكی سەرتاسەرییە و بە هیممەتی هەموو لایەك دەتوانین ئەنجامی باشتریش بەدەست بهێنین و ببینە پاڵەوانی عێراق و بگرە لە ئاسیاش پاڵەوان بین.»
حوسێن عەبدوڵڵا یاریزانی تۆپی سەرمێز ئەویش باسی ئەوە دەكات كە یەك دوو ساڵە گرفتی دارایی هەموو لایەكی گرتۆتەوە، بەڵام تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی تا ڕادەیەكی باش لە ئاستی خۆی دانەبەزیوە. گوتیشی: «ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان زۆر باشە و لە شاری سلێمانیش زۆر لە پێش شارەكانی تری عێراق و كوردستانە، یانەكانی شاری سلێمانی هەر لە یانەكەی خۆمان و پێشمەرگە و ئاستی و چەندین یانەی تر پێشەنگی كوردستان و عێراقن و لە ئاستە جیاوازەكان ئەم تیپانە ڕابەرایەتی هەموو عێراق دەكەن، ئەوەش بەڵگەی گرنگیدانی زیاتری بەرپرسانی یانەكە و بوونی یاریزانی بەتوانایە لە شاری سلێمانی، ئێمەش لە یانەی سلێمانی بەردەوامین لە گرنگیدان بە ئاست و توانای خۆمان بۆ ئەوەی كێبڕكێ لەگەڵ سەرجەم تیپەكانی تری شارەكانی عێراق بكەین، جگە لەوەش ئاستی یارییەكەمان بەرزە، بەڵام گرفتی دارایی هۆكارێكی خراپە كە بۆتە كۆسپ لە بەردەم گشەكردنی زیاتری ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان، لە رووی هۆڵ و مێزی یاری كردنیش ئێمە زۆر لە تیپەكانی تر باشترین و گرنگی تەواومان پێدراوە و هەوڵی ئەوەش دەدەین زیاتر پەرە بە تواناكانی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی ببینە پاڵەوانی عێراق و بگرە لە ئاستی ئاسیایش ئەنجامەكانمان وەكو پێویست بێت.»
لە لای خۆیەوە سەیفەدین فەتاح ڕاهێنەر و یاریزانی یانەی سلێمانی لە بارەی ئاستی یاریی تۆپی سەرمێز گوتی: «ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرز نییە، لە ئاستێكی مام ناوەندی دەبینم، چونكە یانەكان بە شێوەیەكی باش گرنگی پێ نادەن.» گوتیشی: «ساڵانەی كردنەوەی یەك پاڵەوانێتی نابێتە هۆكار بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئەم یارییە، بەڵام ئەگەر پاڵەوانێتییەكان زیاتر بن، یاریزانان زیاتر خۆیان ئامادە دەكەن. ئەوەش دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ ئەوەی ئاستی یاریزانانیش باش بێت ئێمە وەكو ڕاهێنەر و یاریزانانی تیپی تۆپی پێی سەرمێزی یانەی سلێمانی ئەنجامەكانمان زۆر باشە و وەكو پێویستە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، لە داوین پاڵەوانێتی خولی نایابی عێراق توانیمان باڵادەستی سەر ئاستی كوردستان بین و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیش پاڵەوان بین، لە ئێستادا جگە لە گرفتی دارایی هیچ گرفتێكی ترمان نییە، ئەوەش بە تەنیا گرفتی یانەی وەرزشی سلێمانی نییە، بگرە گرفتی سەرجەم یانەكانی هەرێمی كوردستانە، یانەكانی باشووری عێراقیش گرنگی باش بەم یارییە دەدەن و دەیانەوێ زیاتر ئاستی ئەم یارییە پێش بكەوێت بە پشتبەستن بە تواناكانی یاریزانانی كوردستان، لەم بڕوایەشم لە داهاتوو یاریزانانی یانەكەمان بگەنە ئاستێكی بەرزتر.»
