یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هەڵبژاردەی لاوان و ئەندامەكانی خەڵات دەكات

یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هەڵبژاردەی لاوان و ئەندامەكانی خەڵات دەكات
وا بڕیارە رۆژی شەممە كاتژمێر 12ی نیوەرۆ لە بارەگای خۆیدا یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان و ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی یەكێتیەكە خەڵات بكات.
لە لێدوانێكیدا سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان گوتی: بڕیارمان دا رۆژی شەممە كاتژمێر 12ی نیوەرۆلە بارەگای یەكێتیەكەماندا، هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان و ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی یەكێتیەكە خەڵات بكەین.
لە درێژەی قسەكانیدا سەفین كانەبی گوتی: هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان بە شایستەوە توانی بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی پاڵەوانێتی نۆروەی كۆپ بە دەستبهێنێت، بۆیە بە شایستە دەزانین، كە دەستەی راهێنەران و سەرپەرشتیار و یاریزانان خەڵات بكەین، چونكە توانیان دەستكەوتێكی مێژووی بۆ كوردستان تۆمار بكەن و پارێزگاری لە ناوی كوردستان بكەن.
سەفین كانەبی سەبارەت بە خەڵاتكردنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی یەكێتیەكە گوتی: لە هەمان كاتدا لە مەراسیمێكی قەشەنگدا بڕیارماندا ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی یەكێتیەكە، كە بریتین لە بەرێزان ( سەركار عەلی خان، حەمید خالید، عومەر خەتاب، كاروان حەمە فەرج، سەعدی غەریب، سوبحی كامل) خەڵات بكەین، چونكە ئەم بەرێزانە خزمەتێكی زۆری تۆپی پێی كوردستانیان كرد ئێمەش دەبێت رێزیان لێ بگرێن و دەستخۆشیان لێ بكەین بۆ ئەم كارە باشەكانیان و توانیمان بەهەموو لایەك بە جوانترین شێوە كارەكانی یەكێتیەكەمان بەرێوە ببەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەفین كانەبی گوتی: داوا لە دەزگا راگەیاندەكانی كوردستان دەكەم، لەم مەراسیمەدا ئامادە بن بۆ ئەوەی ببێتە هاندەر و پاڵپشت و رێزلێنان لەم یاریزانە لاوانە، كە پێویستیان بە پشتگیری دەزگا راگەیاندنەكان هەیە ئەوان توانیان مێژوو بۆ تۆپی پێی كوردستان تۆمار بكەن.
جێگەی باسە لە رۆژی شەممە وا بڕیارە كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و یانە بەشداربووەكانی خولی نایابی كوردستان ئەنجام بدرێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خولی كوردستان.
رێبین رەمزی
Top