دواكەوتنی خولی فوتساڵ كە كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر ئاستی ئەم یارییە

دواكەوتنی خولی فوتساڵ كە كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر ئاستی ئەم یارییە
پەرێز محەمەد یاریزانی فوتساڵی یانەی ئەفرۆدیت
تیپی فوتساڵی یانەی ئەفرۆدیتی شاری سلێمانی یەكێك لەو تیپانەیە كە ماوەی چەند ساڵێكە لە خولەكانی كوردستان كێبڕكێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە، تیپی كچانی یانەكەش خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیان دەكات، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش پەرێز مەحمەدە، ناوبراو لە خولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان و خولی یانەكانی شاری سلێمانی ئاستی وەكو پێویست بووە، ناوبراو پێشتر لەهەریەك لە یانەكانی سیروانی نوێ و ئەفرۆدیت یاری كردووە و لە دایكبووی ساڵی 1994ی شاری سلێمانییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

*چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەفرۆدیت كرد؟
- من خۆم خولیای زۆرم هەبوو بۆ وەرزشی تۆپی پێی بچووك، لە پەیمانگای وەرزشییەوە مامۆستایەكی خۆشەویستم منی هەڵبژارد بۆ تیپی فوتساڵی یانەی ئافرۆدیت.
* جگە لەئەفرۆدیت هیچ یانەیەك داوای یاری كردنی لێ نەكردووی؟
-تاكو ئێستا هیچ یانەیەك بەفەرمی داوای یاری كردنی لێ نەكردووم، بۆیە منیش لەئێستادا بیرم لە هیچ نەكردۆتەوە جگە لە یانەی ئەفرۆدیت نەبێت، حەز دەكەم زیاتر لە خزمەتی ئەو یانەیە بم.
* بە شێوەیەكی گشتی لە ئێستادا ئاستی یاریی فوتساڵ چۆن دەبینی؟
-بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەسەر هەرێمی كوردستان هاتووە رۆژ بە رۆژ رەوشی وەرزش رووی لە لاواز بوون كردووە،ئاستی یاریی فوتساڵیش بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.
*خێزانەكەتان هاوكاریتان دەكەن وەكو پێویست بۆ بەردەوامبوون لە وەرزشكردن ؟
-بەدڵنیایەوە هاوكاریمان دەكەن و هانمان دەدەن ئەوان هۆكاری سەرەكی ئێمەن بۆ بەردەوامبوون لە وەرزش كردن.
* تۆ قوتابی پەیمانگای وەرزشی جگە لە فوتساڵ چ یارییەكی تر ئەنجام دەدەی؟
-هەموو جۆرە وەرزشێك ئەنجام دەدەم، بەڵام لە یاریی فوتساڵ زیاترە سەركەوتووم.
*گرفتی ئێوە لە یاریی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
-دواكەوتنی خولی فوتساڵ كە كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان بەتایبەت لە ئاستی كچان،نەبوونی یاریگا و گرنگیی نەدانی بەرپرسانی وەرزشی بەم یارییە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چیە؟
- بەهیوای ئەوەم لەم یارییە ئاستم زۆر بەرز بێتەوە، دامەزراندنی هەڵبژاردەی فوتساڵی كوردستانیش هیوای منە.
*وەكو كچە یاریزانێكی كورد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی داواكراوی؟
- نەخێر تاوەكو ئێستا وەرنەگیراوم، بەڵام هەوڵدەدەم بە پێشكەش كردنی ئاستی بەرز ئەم هیوایەم بەدی بهێنم.
* لە جیهان بە چ یاریزانێكی تۆپی پێی سەرسامی و حەز دەكەی هاوشێوەی ئەو یاری بكەی لە یاریگاكان؟
- لە منداڵیەوە حەز دەكەم بگەمە ئاستی دێڤید بێكهام زۆر سەرسامم بە ئاستی یاری كردنی ئەو یاریزانە.
* حەز دەكەی بگەی بە ئاستی چ یاریزانێكی جیهانی؟
- حەز دەكەم ئاستم وەكو یاریزانی ئەرجەنتینی لیۆنێل میسی لێ بێت.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ ؟
- بەڵێ بەدڵنیایەوە زۆر حەز دەكەم هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ منیش یەكێك بم لە یاریزانانی ئەم هەڵبژاردەیە.
* داواكاریت بۆ لایەنی بەرپرس؟
- بەهیوای ئەوەم بەرپرسانی وەرزشی زیاتر بێنە نێو بواری وەرزشی و خزمەتی بەرچاوتر بە وەرزشی ئافرەتان بكەن، چونكە لەرێگەی وەرزشەوە دەتوانین ئامانجەكانمان بپێكین و ناوی وڵاتەكەمان بەرز بكەینەوە.
* ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایی؟
- زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی بەردەوامی یاریزانانی شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی بەهیوای ئەوەم بەردەوامبن لەم خزمەت كردنە بە بواری وەرزشی لە كوردستان.
Top