هەولێر لە ئامادەكارییەكانی بەردەوامە

هەولێر لە ئامادەكارییەكانی بەردەوامە
رۆژ لە دوای رۆژ ئامادەكارییەكانی یانەی هەولێر بۆ خولی نایابی عێراق چرتر دەبێتەوە و خۆئامادەكردنەكەدا بە چەند قۆناغێك تیپەری، قۆناغی یەكەم تایبەت بوو بە دروستكردنەوەی تیپی تۆپی پێی لە رێگەی مۆركردن و نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانانی یانەكە و قۆناغی دووەم تایبەت بوو بە یەكلاكردنەوەی دەستەی راهێنەرانی یانەكە و قۆناغی سێیەم و كۆتایی تایبەتە بە دەستنیشانكردنی یاریزانە پیشەگەرەكان بۆ وەرزی داهاتوو.
لە قۆناغی یەكەم یانەی هەولێر بەفەرمی گرێبەستی لە 23 یاریزان مۆركردووە بۆ ئەوەی لەم وەرزە لە ریزی یانەكە یاری بكەن و یاریزانەكانیش بریتین لە (سەرهەنگ موحسین، رێباز عەبدوڵڵا، دلێر حاتم، هەردی سیامند، دیار یاخی، بورهان جومعە، محەمەد خالید، دڵدار خدر، كۆسرەت بایز، فەهد نازم، دیار رەحمان، نیاز محەمەد، نیاز مەغدید، میران خەسرۆ، رێكار هاشم، ئیڤان خالید، بارزان شێرزاد، محەمەد خالید جفال، رامیار ئازاد، ساڵح محەمەد، كامەران عەلی، رابەر خالید، سیروان خدر) ئەمانە بەشێوەیەكی فەرمی یاریزانی یانەی هەولێرن و گرێبەستیان لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق پەسند كراوە.
لە قۆناغی دووەمدا دەستەی كارگێری بەفەرمی دەستەی راهێنەرانی یانەكەی دەستنیشان كرد ئەویش بریتین لە ( سائیر ئەحمەد ( راهێنەر)، ئەحمەد سەڵاح ( یاریدەدەری راهێنەر)، كاوە ئیبراهیم ( راهێنەری گۆڵپارێز) چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو بەفەرمی كۆتایی بەم قۆناغە بێتن.
لە قۆناغی سێیەم كۆتاییدا یانەی هەولێر تا ئێستا دوو یاریزانی بەرازیلی و ئێرانی و یاریزانێكی عێراق دانیشتووی سوید تاقیكردەوە، بەڵام ئەم یاریزانانە بە راسپاردەی دەستەی راهێنەران لە تاقیكردنەوە نەیانتوانی بوونی خۆیان بسلمێنن، بۆیە بەفەرمی گرێبەستیان لەگەڵ مۆرنەكرا و هەروەها یاریزانێكی كۆڵۆمپی پەیوەندی بە یانەی هەولێر كرد، بەڵام بەهۆی هاتنی گرێبەست لە یەكێك لە یانەكانی ئەوروپا راستەوخۆ پەیوەندی بەم یانەیە كرد، چاوەڕوان دەكرێت پێش داخستنی دەرگای گواستنەوەی هاوێنەی خولی عێراق یانەی هەولێر كۆتایی بەم قۆناغە بهێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا یانەی هەولێر تا ئێستا چوار یاری دۆستانەی خۆئامادەكردن لە نێو یاریگەی خۆی ئەنجامداوە، لەگەڵ یانەكانی گارە دوو یاری و هێرش و یانەی كۆلێژی جیهان.
لە یەكەم یاری دۆستانەیدا یانەی هەولێر میوانداری یانەی كۆلێژی جیهان كرد و یارییەكەی بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ بردەوە گۆڵەكەش لە رێگەی یاریزان ( رێكار هاشم) تۆمار كرا لە دووەم یاری دۆستانەدا یانەی هەولێر رووبەرووی یانەی گارە بووە و توانی یارییەكە بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ بباتەوە تاكە گۆڵی یارییەكە لە رێگەی یاریزان (عومەر مەحمود ) تۆمار كرا، لە سێیەم یاری دۆستانەدا یانەی هەولێر رووبەرووی یانەی هێرش بووە و توانی یارییەكە بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ بباتەوە، گۆڵەكانی یارییەكە لە رێگەی یاریزانان (ساڵح محەمەد، رێكار هاشم، عەلی فیگۆ) تۆمار كرا و لە چوارەم یاری دۆستانەدا رووبەرووی یانەی گارە بووە و توانی یارییەكە بە ئەنجامی (4-0) گۆڵ بباتەوە، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (هەردی سیامند دوو گۆڵ، رامیار ئازاد، محەمەد خالید جفال) تۆمار كرا.
جێگەی باسە یانەی هەولێر لە كۆمەڵەی دووەم شانبەشانی یانەكانی ( زاخۆ، مینا، سەناعە، حدود، ئەمانە بەغداد، قوە جویە، شورتە، كەربەلا، نەجەف) یاری دەكات و یارییەكانی خولی عێراق لە رۆژانی (14-15/9/2015) ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی
Top