یونس شوكر گرێبەستی چەندین یانەی گەورەی ڕەت كردەوە

یونس شوكر گرێبەستی چەندین یانەی گەورەی ڕەت كردەوە
هەر چەندە یونس شوكر گۆڵكارە سەرسەختەكەی یانەی وەرزشی زاخۆ بوو، ئەو زۆر جار لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان بۆتە فریادڕەسی یانەكە بە تۆماركردنی گۆڵەكانی، بەڵام ئەم وەزرە هەر چەندە یانەی زاخۆ داوای نوێ كردنەوەی گرێبەستیان لێ كردبوو، بەڵام هۆكاری خێزانی رێگەی نەدا ئەو بەردەوام بێت لە ریزی ئەو یانەیەی كە ماوەی چەند ساڵێكە بەرگری لە درێسەكەی دەكات و بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی گازی باكووری كەركووك مۆركرد. لە بارەی هۆكاری جێهێشتنی ریزی پێكهاتەی یانەی زاخۆش یونس شوكر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «من حەزم دەكرد بۆ چەند ساڵێكی تریش خزمەتی یانەی زاخۆ بكەم لە خولی نایابی عێراقی و كوردستان، بەڵام هۆكاری سەرەكیی جێهێشتنی یانەی زاخۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە من باوكم نەخۆشە و باری تەندروستی باش نییە، بۆیە ناتوانم دوور لە خانەوادەكەم بم، ئەوە هۆكاری سەرەكیی بوو، هەرچەندە من چەندین گرێبەستم بۆ هاتبوو لە هەریەك لە یانەكانی نەفتی میسان و نەجەف و ئەمانەی بەغدا و چەندین یانەی كوردستانیش، بەڵام بۆ نزیكبوون لە خانەوادەكەم گرێبەستی یانەی گازی باكوورم مۆركرد كە یەكێكە لە یانە پلە یەكەكان و دەستەیەكی كارگێڕیی نموونەیی هەیە، بۆیە ئەوانم پێی باشتر بوو، جگە لەوەش ڕاهێنەرێكی گەورەی وەكو عەبدوڵڵا مەحموود سەرپەرشتی تیپەكە دەكات، بەهیوای ئەوەشم لەگەڵ ئەو یانەیە لە خولی پلە یەكی عێراق بتوانین سەركەوین بۆ خولی پلە نایابەكانی عێراق». لە بارەی هۆكاری نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ یانەی هەولێریش گوتی: «من لەگەڵ یانەی هەولێر زۆر ئاسانكاریم بۆ ئەوان كرد بۆ ئەوەی لە گەڵیان بگەمە رێككەوتن، كەچی ئەوان هەستی منیان شكاند و بە منیان گوت تەنیا بە مووچە وەرە یاریمان بۆ بكە، بۆیە منیش ئەو یانەیەم رەت كردەوە، بەهیوای ئەوەشم بتوانم ئەنجامی شایستە لەگەڵ یانە تازەكەم بەدەست بهێنم.»
Top