هەر چەندە تاكو ئێستا وادەی دەستپێكردنی خولی نایابی یانەكانی كوردستان دیاری نەكراوە بەهۆی ئەو كێشە داراییەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستان گرتووە، بەڵام یانەكانی كوردستان دەستیان بە ئامادەكارییەكانی خۆیان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە بەهێزەوە بێنە نێو كێبڕكێیەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشیی زاخۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵان، لە بڕی یاریزانانی بیانی و عەرەب، پشتی بە یاریزانانی شارەكەیان بەستووە. كارگێڕانی یانەی زاخۆ دەستیان بە كۆكردنەوەی یاریزانانی شارەكەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بە پشتیوانیی یاریزانانی خۆیان بتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن، لە بارەی ئامادەكارییەكانیش سەربەست عەلی ئەندامی دەستەی ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشیی زاخۆ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەوەی ڕاستی بێت لە ئێستادا یانەكانی كوردستان نازانن كاتی دەستپێكردنی وەرزی نوێ خولی یانەكانی كوردستان چ كاتێكە، بۆیە ئێمەش وەكو سەرجەم یانەكانی تر ئامادەكارییەكانی خۆمان دەستپێكردووە، بەڵام هیچ گرێبەستێكمان لەگەڵ هیچ یاریزانێكی تازە نەكردووە، تەنیا پشتمان بە یاریزانانی شارەكەی خۆمان بەستووە وەكو بەرنامەی ساڵانەی پێشوومان، هەر چەندە ئێمە ساڵانە بڕیاری ئەوەمان دابوو كە چەند یاریزانێكی پێشگەر بهێنین لەگەڵ یاریزانانی خۆمان ململانێ خولی نایابی كوردستانیان پێبكەین، هەریەك لە ڕاهێنەران (ئەمین یونس،رەزوان نازی) رۆژانە مەشقی بەردەوام بە یاریزانانی خۆمان دەكەن، بڕیاری ئەوەشمان داوە كەوا كەمپی مەشقی بكەینەوە لە یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام بۆ ئەوكاتەی هەڵدەگرین كە وادەی خولی نایاب دیاری بكرێت.»