ئافرۆدێت گەیشتە یارى کۆتایى خولى تۆپى دەستى کچانى عێراق
ئەمرۆ هەینى لە هۆڵى (حەمزە نورى) لەشارى حلەو لەمیانى قۆناغى پێش کۆتایى پاڵەوانێتى تۆپى دەستى کچانى یانەکانى عێراق و بەفیکەى ناوبژیوانانى نێودەوڵەتى عێراقى (خالید شاکر و فازڵ کازم)، کچانى ئافرۆدێتى تاکە نوێنەرى یانەکانى کوردستان لەیارییەکى چارەنوسسازدا رووبەڕوى شەبابى بەغداد بوونەوە، جیاواز لەیارییەکانى دیکە کچە کوردەکان بەئاستێکى زۆر بەرزەوە دەرکەوتن و سەرنجى ئامادەبوانیان بۆ لاى خۆیان راکێشا، بەجۆرێک هەربەزوویى دەرگاى گۆڵ تۆمارکردنیان کردەوەو یەک لەدواى یەک دەگەشتنە سەرگۆڵى بەرامبەرو تایمى یەکەمیان 13 بە 2 گۆڵ لەبەرژەوەندى خۆیان کۆتایی پێ هێنا، لەتایمى دووەمیشدا تیپەکەى کوردستان کۆڵى لەگۆڵ تۆمارکردن نەیا و کچەکانى شارى بەغدادى بەهیلاک بردوو 6 گۆڵى دیکەى لێ تۆمارکردن، بەو جۆرەو سەرەنجام ئافرۆدێت 19 گۆڵ بەرامبەر بە 3 گۆڵ یارییەکەى بردەوەو بلیتێکى یارى کۆتایى خولەکەى دەستەبەرکرد .
جێى باسە سبەینێ شەممە لەیارى کۆتایدا کچە کوردەکانى یانەى ئافرۆدێت رووبەڕوى کچانى نەجەف دەبنەوە، کەئەویش رۆژى هەینى 18 بە 8 گۆڵ لەیانەى شورتەى بردەوە.
کاروان شێخ زیرەک – حلە
