دەستەکانى ئافرۆدێت بەیەکەمى کۆمەڵەکەیان گەیشتنە قۆناغى پێش کۆتایى
ئەمرۆ پێنج شەممە لە هۆڵى (حەمزە نورى) لەشارى حلەو لەسێ یەم رۆژى پاڵەوانێتى تۆپى دەستى کچانى یانەکانى عێراقدا و لەکۆمەڵەکەى خۆیاندا، کچانى یانەى ئافرۆدێتى تاکە نوێنەرى کوردستان بەرامبەر بە فەتاتى نەجەف یاریان کرد کەپێنج لەیاریزانەکانى ئەو یانەیەى شارى نەجەف کوردن و لەیانەى ئافرەتانى هەولێرەوە بۆ ئەم پاڵەوانێتیە روویان کردۆتە ئەو یانەیە، لەیارییەکەداو سەرەتا ئافرۆدێت لە گۆڵ تۆمارکردن دەست پێش خەربوو، بەڵام کچە هەولێرییەکان بەئەزموونى زیاترى خۆیان و بەبەرگى نەجەفەوە جڵەوى یارییەکەیان وەرگرتەوەو لەئەنجامدا 15 بە 7 گۆڵ لە نوێنەرەکەى کوردستانیان بردەوە، بەڵام ئەو بردنەوەیە تەنها پلەى دوەمى کۆمەڵەکەى پێ بەخشین و لەبەرامبەریشدا ئافرۆدێت بە یەکەمى کۆمەڵەکەى گەیشتە قۆناغى دوەم و پێش کۆتایى خولەکە.
بەو شێوەیە کچانى ئافرۆدێتى سلێمانى رۆژى هەینى و لەیارى پێش کۆتایدا بەرامبەر بە شەبابى بەغداد دەجەنگێت و فەتاتى نەجەف و یانەى شورتەش بەیەک دەگەن، کەلە ریزەکانى یانەى شورتەشدا دوو کچە کوردى ترى شارى هەولێر یارى دەکەن .
جێى باسە بەهۆى بەهێزى و بەرکەوتنى زۆرى یاریزانەکانى بەرامبەرەوە، چاوان ێەلاحى یەکێک لەباشترین یاریزانەکانى ئافرۆدێت دوچارى پێکان هات و بەناچارى یاریگاى جێ هێشت و نەیتوانى یارییەکە تەواوبکات.
کاروان شێخ زیرەک - حلە
