وا بڕیارە یەكێتی تۆپی سەرمێزی كوردستان رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 26/8/2015 لە هۆڵی ئەكاد عەنكاوەی شاری هەولێر خولی تۆپی سەرمێزی یانە نایابەكانی كوردستان بەرێوە ببات ،سەبارەت بەچۆنیەتی و سیستەمی نوێی یەكێتی تۆپی سەرمێزی كوردستان قەلەندەر نەسڕەدین جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی كوردستان وتی: یەكێتییەكەمان دوای ئەوەی بڕە پارەیەكی پێشومان لابوو و پەیوەندیمان بە لیژنەی ئۆلۆمپی كرد بۆ ئەنجامدانی خولی نایابی كوردستان ئەوانیش لەلای خۆیان رەزامەندیان نیشاندا، ناكرێت دەستەوەستان بوەستین،چونكە بەشێك لە باشترین یاریزانەكانمان بەرەو باشووری عێراق رۆیشتن بۆ یاریكردن لە یانەكانی باشووری عێراق،بۆیە ساڵێك بوو هیچ خول وپاڵەوانیەتی نەكرابووەوە بۆ یاریزانەكانی تۆپی سەرمێزی كوردستان،كە بەبەردەوامیش مەشقیان دەكرد،بۆیە یاریزانەكانمان و یانەكانمان تووشی شۆك و دڵە راوكێ دەبوون،گەر ئەم خولە نەكرابوایەوە یاریزانمان نەدەما، ئێمەش بڕیارماندا قەیران بشكێنین و ببین بە سەرقافڵە و یەكێتی یە وەرزشیەكانی تر ئەوانیش بكرێت بتوانن ئەو قەیرانە بەیەكجاری بشكێنن.
دواتر قەلەندەر نەسڕەدین وتی: ئەمساڵ تۆپ گۆڕاوە تۆپی ( ئێكس ئای ئۆ ئێم) بەكاردێت كە ئێستا لەجیهان ئەم تۆپە بەكاردێت،هەروەها نابێت یاریزانی دەروەی هەرێم یاری بكات، هەورەها (10) یانە لەسەر ئاستی كوڕان بەشداری دەكات و بۆ كچانیش كراوەیە واتە دەتوانن چەند یانە بێت بەشداربن،پاشان دوو یانەی كۆتایی دادەبەزێت بۆ خولی پلە یەك،پاشان ریزبەندی وپێوەر بۆ یانەكان دادەندرێت.
زاگرۆس نانەكەلی