باسكەی زاخۆ تەنیا بۆ خولی كوردستان ئامادەیە

باسكەی زاخۆ تەنیا بۆ خولی كوردستان ئامادەیە
لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ یانەی زاخۆ پارەیەكی باشی بۆ تیپی تۆپی پێی یانەكەی خەرج كردووە لە خولی نایابی یانەكانی عێراقی، بەڵام بە پێچەوانەی تیپی تۆپی پێ، تیپی باسكەی یانەی زاخۆ كە لە ساڵانی ڕابردوو یەكێك بووە لە تیپە بەهێز و ڕكابەرەكانی خولی باسكەی عێراقی و خاوەنی چەندین یاریزانی عەرەب و پیشەگەر بووە و لەسەر ئاستی یانەكانی عێراقیش ئەنجامی شایستەی بەدەستهێناوە، شان بە شانی یانەی دهۆك، بەڵام لە وەرزی ڕابردوو بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە رووی لە هەرێمی كوردستانی كردبوو و یانەكان پاشەكشەیان كرد لە خولی باسكەی یانەكانی عێراقی زاخۆش بە فەرمی بڕیاری خۆكێشانەوەی لە خولی نایابی باسكەی عێراقیدا، بۆ ئەم وەرزەش هەر چەندە یەكێتیی تۆپی پێی عێراقی بڕیاری مانەوەی هەردوو تیپی سنووری پارێزگای دهۆكی دا، لە خولی نایابی عێراق، بەڵام دەستەی كارگێڕیی یانەی زاخۆ بڕیاری دا، ئەمساڵیش بەشداری خولی نایابی یانەكانی عێراقی نەكات بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە رووی لە یانەكانی كوردستان كردووە و زاخۆشی گرتۆتەوە، بۆیە ناتوانێ بەشداری یارییەكانی خولی عێراقی بكات، حوسێن ساڵح جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشیی زاخۆ ئەوەی ئاشكرا كرد گوتی: «لەگەڵ ئەوەی ئێمە ساڵانی ڕابردوو بەشداری یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی عێراقمان كردووە و ئەنجامەكانیشمان وەكو پێویست بووە، بەڵام ئەم وەزرە ناتوانین بەشداری یارییەكان بكەین و بە فەرمی داوای لێبووردنمان لە سەرۆكی یەكێتیی تۆپی باسكەی یانەكانی عێراق كردووە، ئێمە ئەمساڵ ئارەزووی ئەوەمان هەبوو كە بەشداری یارییەكانی وەرزی نوێی خولی عێراقی بكەین، بەڵام قەیرانی دارایی و كۆكردنەوەی یاریزانان زەحمەت بوو بۆ ئێمە، بۆیە وامان پێ باشتر بوو كە یارییەكان ئەنجام نەدەین و پاشەكشەكردن باشترە لە بەشداریكردن، بەڵام بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان پشت بەتواناكانی یاریزانانی كوردی شاری زاخۆ دەبەستین كە ئەوان هەموو كات ئامادەن بۆ ئەوەی بتوانن لە خولی كوردستان ئەنجامی شایستە پێشكەش بكەن و ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنین.
Top