دوای دابرانی بۆ ماوەی ساڵێك و سێ مانگ جارێكی تر ریڤاڵدۆی بەرازیلی و یاریزانی پێشووتری یانەی بەرشلۆنە بڕیاریدا بگەڕێتەوە یاریگاكان و درێژە بەكاروانی وەرزشی خۆی بدات. بۆ ئەم مەبەستەش ریڤالدۆ دەیەوێت لەگەڵ تیپی مۆگی میریم دەست پێ بكاتەوە ئەو تیپەی كە لەماوەی كۆتاییەكانی 2008تا 2015 وەك سەرۆكی ئەو تیپە دەردەكەوت. ریڤالدۆی بەرازیلی كە باشترین یاریزانی جیهان دەرچوو لەساڵی 1999 جارێكی گەڕایەوە ئەو تیپە و دەیەوێت یارمەتی تیپەكە بدات كە لەریزی پلە دووەكانی بەرازیل یاری دەكات، هەرچەندە ئەو یاریزانە بەهۆی پێكانی ئەژنۆی دەناڵێنێت و لەماوەی ساڵی 1992تا 2015 بۆ ماوەی سێ جار لەگەڵ ئەو تیپە یاری كردوەو لەم ماوەیەشدا 40 یاری ئەنجامداوە و بیست و چوار گۆڵیشی تۆمار كردوە كە دوایین گۆڵیشی لە 14 مانگی حوزەیرانی رابردوو بوو. هەروەها ریڤاڵدۆ هەلی ئەوەشی بۆ رەخسا كە شانبەشانی كوڕەكەی ریڤاڵدینهۆ یاری بكات و بەیەكەوە ببنە دوانەیەكی هێرشبەر. لای خۆیەوە ریڤاڵدۆ لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوابەدوای یاری لەدژی یانەی لۆڤیردینسی رایگەیاند هەرچەندە دەناڵێنێت بەهۆی پێكانی ئەژنۆی، بەڵام لەئێستادا تاوتوێی ئەو بۆندە دەكات كە لەولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە پێی گەیشتووە. هەر لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكە ریڤاڵدۆ رەخنەی لەو كەسانە گرت كە داوایان لێ كردبوو واز لەیاری تۆپی پێی بهێنێت و ئاماژەی بۆكرد ژمارەیەكی زۆری یاریزانە بەناوبانگەكان بەردەوامن لەیاریكردن. هەروەها ریڤاڵدۆ روونیكردەوە بۆندێكم لەئەمەریكاوە بەدەست گەیشتووە، بۆیە لەگەڵ خانەوادەكەم بیر لەچۆنیەتی گواستنەوە بۆ ئەمەریكا دەكەم كە لەوێ بژین بۆ كارێكی جیاواز لە تۆپی پێ، بەڵام ئەو ئەگەرە بەدی نایەت، چونكە ئەژنۆم لەبارێكی باشدانیە و من نامەوێت قوربانی زۆر لەوبارەیەوە بدەم، چونكە ئەگەر بەردەوامبم بەمجۆرە ئەوا لەتەمەنی پەنجا یا پەنجاو پێنج ساڵی ناتوانم بڕۆم.