سلێمانی چارەنووسی نادیارە لە بەشداریكردنی لە خولی كوردستان

سلێمانی چارەنووسی نادیارە لە بەشداریكردنی لە خولی كوردستان
هەر چەندە ساڵانە تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی سلێمانی بەشداری یارییەكانی خولی كوردستانی كردووە و ژمارەیەكی بەهێز بووە لە خولەكە، وەرزی ڕابردووش ئاستی یانەی سلێمانی لە خولەكە وەكو پێویست نەبووە، تەنیا پلێتی مانەوەیان لە خولەكە پێبڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاهێنەری یانەكە و ژمارەیەك لە یاریزانانی تیپەكە ریزی یانەكەیان جێهێشتووە، بەڵام كارگێڕانی یانەكە تاكو ئێستا هیچ كەسیان بۆ شوێنی ڕاهێنەری پێشوو دیاری نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تیپی تۆپی پێی سلێمانی بۆ بەشداری لە خولی كوردستان، تاكو ئێستا دەستی بە ئامادەكارییەكان نەكردووە، یاریزانانیش گرێبەستی باشیان بۆ دێت لەلایەن یانەكانی تر، هەندێك لە یاریزانان ریزی تیپەكەیان جێهێشتووە و گرێبەستیان لەگەڵ یانەی تر كردووە، سلێمانیش كاتی دیاری كردنی ئامادەكارییەكانی بە نادیاری هێشتۆتەوە بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەی كە رووی لە یانەكە كردووە لە بارەی وادەی دەست پێكردنی ئامادەكارییەكانیش بۆ خولی نایابی كوردستان، بەهمەن غەریب بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی سلێمانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەوەی ڕاستی بێت ئەمساڵ ئێمە تاكو ئێستا هیچ ئامادەكارییەكمان نەكردووە بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان، ئەگەر قەیرانەكانیش بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بڕیاری ئەوەمان داوە تەنانەت تیپیش دروست ناكەین بۆ خولەكان،» لەبارەی ئەوەش كە بەڵێنی ئەوەیان پێدرابێت كە لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری بكرێن، بەهمەن گوتی: «نەخێر بەهیچ شێوەیەك بەڵێنی هاوكاریكردنمان پێنەدراوە، ئێمەش لە ئێستادا چاوەڕێ دەكەین بۆ ئەوەی بزانین ئەم بارودۆخە داراییە هەر بەم شێوەیە دەبێت، یان نا، ئەو كات ئێمەش بڕیارێكی دروست لە سەر چارەنووسی تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی سلێمانی دەدەین.»
Top