پاڵەوانێتی باسكەی نایابی كچان لە سلێمانی بەڕێوەی دەچێت

پاڵەوانێتی باسكەی نایابی كچان لە سلێمانی بەڕێوەی دەچێت
بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە تیپی تۆپی باسكەی كچانی یانەكانی عێراق و بەرەو پێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە یەكێتی ناوەندی تۆپی باسكەی عێراقی بڕیاری دا بە دەستنیشانكردنی شاری سلێمانی بۆ لە باوەش گرتنی پاڵەوانێتی باسكەی نایابی كچانی یانەكانی عێراق، بڕیاریشە لەم پاڵەوانێتیەدا هەشت یانەی شارەكانی عێراق و كوردستان بەشداری كێبڕكێیەكانی وەرزی نوێ خولی باسكەی نایابی یانەكانی عێراق بكەن لە ئاستی ئافرەتان. خالد نەجم سكرتێری یەكێتی ناوەندی تۆپی باسكەی عێراق لەو بارەیەوە بۆ گوڵان گوتی: «ئێمە وەكو بەرنامەی ساڵانەی خۆمان و بەمەبەستی زیاتر گرینگدان بە تیپی باسكەی كچان لە شارەكانی كوردستان و عێراق ئەم پاڵەوانێتیە لە 25ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدەین، هەشت یانە بۆ ماوەی چوار رۆژ لە كێبڕكێ دەبن بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە،» گوتیشی: هێنانی ئەم پاڵەوانێتیە بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوە بووە كە لە كۆی بەشداربوونی هەشت یانە لە خولی باسكەی عێراقی حەفت یانە لە هەرێمی كوردستانە، بۆیە پێمان باش بوو ئەم پاڵەوانێتییە لە شاری سلێمانی بێت، یارییەكانیش بە شێوەی كۆمەڵە بەڕێوەدەچێت، ئامادەكاری باش كراوە بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەكی باش یارییەكان بەڕێوە ببەین، یانە بەشداربووەكانیش بریتین لە هەریەك لە یانەكانی (ئەفرۆدێت، سلێمانی، سیروانی نوێ، ئافرەتانی هەولێر، ئەكاد، قەرەقوش، سەنحاریب، بەحری).
Top