یاریزانێكی كورد دەچێتە یانەی شورتە

یاریزانێكی كورد دەچێتە یانەی شورتە
كچە یاریزانی تۆپی دەستی یانەی قەڵا ساز فەریدون بڕیاری دا، لە شاری بەغدا درێژە بە بواری وەرزش بدات و بەفەرمی بەشێوەی خواستن گرێبەستی لەگەڵ یانەی شورتە مۆركردووە بۆ ئەوەی لە خولی نایابی عێراق، كە لە رۆژی 25/8 لە شاری حەلە ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ئەم یانەیە بەشداری بكات.
ساز فەریدون سەبارەت بەم بڕیاری گوتی: حەزم كرد لەگەڵ یانەیەكی تر درێژە بە كاروانی وەرزشیم بدەم، لە یانەكانی كوردستان هیچ بایەخێك بەم یارییە نەدەدرا لە هەمان كاتدا چەند یانەیەك گرێبەستیان پێشكەش كردم، بەڵام من یانەی شورتە-ی شاری بەغداد-م هەڵبژارد، چونكە راهێنەرێكی بەتوانا راهێنەرایەتی ئەم تیپە دەكات و لە هەمان كاتدا راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە و هەروەها خاوەن ئەزموونێكی باشە و ئەمە دەبێتە دەرفەتێك بۆ پێشخستنی ئاستم و هەوڵ دەدەم سودێكی زۆر لەم راهێنەرە بكەم.
لە درێژەی قسەكانیدا ساز فەریدوون گوتی: ئەم قەیرانە داراییە رۆڵێكی باڵای هەبوو لە بڕیارەكەم، چونكە بە پێی زانیاری خۆم، هیچ یانەیەكی كوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی بەشداری لە خولی عێراق ناكات، بۆیە منیش ناچار بووم پەیوەندی بە یانەی شورتە بكەم.
جێگەی باسە یاریزان ساز فەریدوون لە یانەكانی هەولێر و شەقڵاوە و قەڵا لە گۆرەپان و مەیدان و تۆپی دەست یاریكردووە و لەسەر ئاستی عێراق لە یاری گۆرەپان و مەیدان ئەنجامی بەرچاوی هەیە.
رێبین رەمزی
Top