خۆشحاڵم كە یانەكانی كوردستان گرنگیی زیاتر بە یاریزانەكانی خۆمان دەدەن

خۆشحاڵم كە یانەكانی كوردستان گرنگیی زیاتر بە یاریزانەكانی خۆمان دەدەن
شێركۆ كەریم:
یاریزانی یانەی گەراسوپەر زیورخی سویسری
شاری كەركووك هەموو كات شوێنی پێگەیاندنی یاریزانانی بەتوانا بووە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، چەندین یاریزانی ئەستێرە لەم شارە دروست بوون و یانەكانی تری شارەكان سوودیان لێبینیوە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی ئەم شارە كە دواڕۆژێكی باش لە چاوەڕوانیدایە، شێركۆ كەریم-ـە كە یەكێكە لە یاریزانە كوردەكانی ریزی یانەی گەراسوپەر زیورخی سویسری، پێشتریش بۆ هەریەك لە یانەكانی سەورە و یانەی شورتە و هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق یاری كردووە. شێركۆ لەدایكبووی ساڵی 1996ی شاری كەركووكە، لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی

* چۆن بوو بڕیاری ئەوەتدا عێراق جێ بهێڵیت و بچیتە یانەیەكی ئەوروپی؟
- من هەر لە سەرەتاوە ئەو بڕیارەم دابوو كە بچمە یانەیەكی ئەوروپی، هەوڵی تاكەكەسی خۆم بوو كە قۆناغێكی تازە دەستپێبكەم، ئەویش نەك لە عێراق، بەڵكو لە ئەوروپا بێت، هیوام ئەوە بوو لە هەموو یاریزانەكانی تری عێراق جیاوازتربم، هیواكەشم هاتەدی.
* جیاوازیی یاریكردن لە ئەوروپا و عێراق لە چیدا دەبینی؟
- جیاوازیی زۆرە لە رۆشنبیریی تۆپی پێدا، ئەوان زۆر گرنگی بە یاریزانان دەدەن، كاری باش لەسەر یاریزانان دەكەن. ئەوەی من بینیم جیاوازی لە هەموو شتێكە، لە مەشق تەنانەت هەموو ئەركەكانی یاریزانان ئەوان كاری لەسەر دەكەن، لە عێراق ئەو كارانە زۆر كەمە.
* بۆچی یاریت بۆ یانە كوردییەكان نەكرد، بەتایبەتی ئێستا یانە كوردییەكان گرنگی زیاتر بە یاریزانانی كورد دەدەن؟
- ئەوكات من لە عێراق بووم، یانە كوردییەكان زۆر گرنگییان پێ نەدەدام، ئێستاش زۆر خۆشحاڵم كە یانەكانی كوردستان گرنگیی زیاتر بە یاریزانە كوردەكانی خۆمان دەدەن، هیوادارم یانەكانی دهۆك و زاخۆ وەكو ئێستای هەولێر بن و گرنگی بە كوڕانی شارەكەیان بدەن، نەك تەنیا لە ئێستادا بەهۆی بارودۆخی خراپی داراییەوە گرنگی بە یاریزانان بدەن. هیوادارم ئەم كارانەیان بەردەوام بێت بۆ پشتگیری كردنی كوڕانی خۆیان، ئەگەر من ئێستا لە عێراق بوومایە بۆ یانەی هەولێر یاریم دەكرد، دڵخۆشم بەم بڕیارە.
*دەڵێن بڕیاری ئەوەت داوە چیتر نەگەڕێیتەوە عێراق بۆ یاریكردن؟
-بەڕاستی لە ئێستادا بیر لە گەڕانەوە ناكەم بۆ عێراق، هیچیشم بۆ ناكرێت جگە لە دروستكردنی كێشە نەبێت كە بەردەوام بۆیان دروست دەكردم، هۆیەكەشی بۆ ئەوە بوو كە تاكە یاریزانی كورد بووم لە شاری بەغدا و كەس پاڵپشتم نەبوو، دەكرێ لێرە ئاواتەكانم بهێنمەدی، جارێكی دی بیر لە خولی عێراق ناكەمەوە.
*بۆچی لە هەڵبژاردەی عێراق دوور خرایتەوە ؟
- ئەوەی ڕاستی بێت هەڵبژاردەی عێراق هەر لە خۆیانەوە كێشەیان بۆم دروست دەكرد. پێش یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ژاپۆن ناوم لە ناو 23 یاریزانەكە بوو، داواكردنی منیش بە فەرمی لەلایەن یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی عێراقی گەیشتبووە یانەی گەراسوپەر، بەڵام لە ناكاو دوو ئەندامی یەكێتییەكە منیان بە بێ هۆ دوورخستەوە. كاپتن ئەكرەم سەلمان خۆی پێوەندی پێوە كردم و وتی: چ كێشەت هەیە، بۆ باسی تۆ بە خراپە دەكەن؟ من هیچ سزایەكەم نەبوو، نازانم بۆچی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دژی منە.
*بیستوومانە لە یانەكانی ئەوروپا چاودێریت دەكرێت، هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش كردووی؟
-بەڵێ یانە هەیە، بەڵام من لە خولی سویسری یاری دەكەم، دەبێت لە یانەی گەراسوپەر ئاستێكی باشم هەبێت، ئەوكات بیر لە یانەی باشتر دەكەمەوە.
* بەرنامەت چییە بۆ داهاتوو؟
-من لە ئێستادا كار لە سەر ئەوە دەكەم ئاستی خۆم زیاتر بەرز بكەمەوە، دواتریش بچمە خولێكی تری ئەوروپا بۆ ئەوەی زیاتر ئاستی خۆم بەرەو پێش ببەم.
* یانەكانی كوردستان هەڵمەتی هێنانی یاریزانانی عەرەب دەست پێدەكەن لەسەرەتای خولەكان، بۆچوونت لەسەر هێنانی یاریزانانی عەرەب چییە ؟
- كە لە شاری بەغدا بووم، زۆر یاریزان هەبوو ئەوەیان دەگوت ئەگەر یاریزانی عەرەب نەبێت، یانەكانی كوردستان بەڕێوە ناچێت. راستیش دەكەن، چونكە یاریزانە كوردەكان تەنیا لە خولی كوردستان یاری دەكەن، ئەمەش كارێكی زۆر خراپە، لە هەمان كاتدا هەستی پێناكەن بۆچی ئەم هەموو پارەیە بچێتە گیرفانی یاریزانە عەرەبەكانەوە كە بە هەموو ژیانیان دژایەتیی پێشمەرگە دەكەن. با یانەكانی هەولێر و دهۆك و زاخۆ دوو ساڵ كار لە سەر پێگەیاندنی یاریزانانی كورد بكەن، بیر لە داهاتووی یاریزانانی كورد بكەنەوە كە بە مووچەیەك لە خولی كوردستان یاری دەكەن، لە بەرامبەریشدا یاریزانانی عەرەب بە سەدان ملیۆن وەردەگرن و منەتیان بە هیچیش نییە، بۆیە هیوادارم چیتر یانەكانی كوردستان پشت بە یاریزانانی عەرەب نەبەستن.
* ئەگەر توانیت ببیتە یاریزانێكی گەورە لە ئەوروپا، لە داهاتوودا كار بۆ وەرزشی كوردستان دەكەی؟
- بە تەئكید ئەو كارە لە بەرنامەی منە بۆ ئەوەی بتوانم كاری باش بۆ وەرزشی كوردستان بكەم، چونكە هەموو شارەكانی كوردستان ماڵی خۆمن و كوڕی كوردستانم، ئەوەی لە توانامدا بێت لە خزمەتكردن بە وەرزشی كوردستان كەمتەرخەمی ناكەم.
* لە ژیانی وەرزشیت بەهیوای چیت؟
- بەهیوای ئەوەم بگەمە یانەیەكی گەورەی ئەوروپا بۆ ئەوەی خۆم وەكو یاریزانێكی پیشەگەری كورد بناسێنم .
* بەچ یاریزانێك و هەڵبژاردەیەكی جیهانی سەرسامیت؟
- بە هەریەك لە یاریزانان میسی و كریستانۆ رۆنالدۆ و هەڵبژاردەی بەڕازیل.
*بۆچی لە كاتی خۆی گرێبەستت لەگەڵ یانەی هەولێر مۆر نەكرد؟
- من كاتی خۆی لەگەڵ هەولێر گەیشتمە رێككەوتن، بەڵام یانەی شورتە رێگری لەم گرێبەستەی من كرد، بۆیە ئەو كاتیش بڕیاری ئەوەم دا كە وڵاتی عێراق بەرەو ئەوروپا جێبهێڵم.
* لە كۆتاییدا چیت ماوە باسی بكەی؟
- بەهیوای ئەوەم وەرزشی كوردستان زیاتر پێش بكەوێت، دوعا بۆ برا پێشمەرگەكانم دەكەم لە سەنگەرەكانی بەرگری لە كوردستان، سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی من وەكو یاریزانێك.
Top