دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو یانەی هەولێر لە هەریەك لە خولەكانی جامی یەكێتیی یانەكانی ئاسیا و خولی نایابی عێراق و خولی نایابی یانەكانی كوردستان نەیتوانی ئاستێكی شایستە پێشكەش بكات لە یارییەكانی خولەكان بەهۆی قەیرانە داراییە بەردەوامەكانی كە ڕووی لە یانەكە كردبوو، بەم هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆری یاریزانە پیشەگەرە عەرەبەكانی یانەكە و بەشێك لە یاریزانە كوردەكانیش ریزی یانەی هەولێریان جێهێشت و بەرەو یانەكانی تری عێراق كۆچیان كرد، یانەی هەولێر بڕیاری ئەوەی دابوو كە بەشداری خولەكان نەكات، بەڵام دواجار بەهۆی پێدانی بەڵێنەوە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار بڕیاری بەشداری كردنی دا لە خولی عێراقی و كوردستان، بەڵام ئەمساڵ دەستەی كارگێڕیی یانەی هەولێر بڕیارێكی زۆر تایبەتی داوە بۆ یانەكە دەبێتە هۆكارێك بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی كورد، پێكهاتە و پشت و پەنای هەولێرییەكان لەم وەزرە تەنیا یاریزانی كورد دەبێت و پشت بە یاریزانی بیانی و عەرەب نابەستێ، ئەمەش یەكەم ساڵە كە یانەی هەولێر ئەم شێوازە پەیڕەو دەكات، بۆیە یانەی هەولێر تەنیا گرێبەستی هەریەك لە یاریزانان(هەردی سیامەند، دیار رەحمان، دلێر حاتەم، سەرهەنگ موحسین، بارزان شێرزاد، رامیار ئازاد، ئیڤان خالید، محەمەد خالید، دڵدار خدر)ی نوێ كردۆتەوە، لە بارەی گرنگیدانی زیاتریش بە یاریزانانی كورد مەحمود عەزیز جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: ئێمە ئەمساڵ بەرنامەیەكی تایبەتمان هەیە بۆ گرنگیدان بە یاریزانانی كورد، بڕیاری ئەوەشمانداوە بە یاریزانانی كورد بەشداری لە خولەكانی كوردستان و عێراق بكەین، چونكە ئێمە دووچاری قەیرانی دارایی بووین و ژمارەیەك یاریزان تیپەكەمانیان جێهێشتووە و بۆیە دەستەی كارگێڕی یانەكەمان بڕیاری ئەوەی داوە تەنیا پشت بە توانای یاریزانانی كورد ببەستێ، بۆیە زۆربەی یاریزانانی خۆمان گرێبەستیان نوێ كردۆتەوە، جگە لەوانیش هەریەك لە یاریزانان دیار یاخی و كامەران عەلی لە یانەی زاخۆەوە پێوەندییان بە یانەی هەولێرەوە كردووە و گرێبەستی هەریەك لە یاریزانان بورهان جومعە و محەمەد خالید جەفال كە هەردووكیان عەرەبن نوێ كراوەتەوە، جگە لەم دوو یاریزانەش هیچ یاریزانێكی تری عەرەب ناهێنینە ریزی یانەكەمان، بۆ ئەركی ڕاهێنەرایەتیش پشتمان بە ئەحمەد سەڵاح بەستووە كە لەگەڵ مۆفق یونس سەرپەرشتی تیپەكە دەكەن، ئەگەر ڕاهێنەرێكمان هێنا ئەوە بڕیار دەدەین، ئەگەر نەشمان هێنا هەر ئەوان بەردەوام دەبن، بۆ ڕاهێنەری گۆڵپارێزی تیپەكەشمان كاوە ئیبراهیم گەڕاوەتەوە یانە و سەرپەرشتی گۆڵچییەكانی تیپەكەمان دەكات، متمانەی تەواویشمان بە یاریزانانی خۆمان هەیە كە دەتوانن ژمارەیەكی گەورە بن لە وەرزی نوێ، گرفتی ئێمە تەنیا ئەو قەرزەیە كە لەسەرمان كۆبۆتەوە، ئەگەرنا هیچ گرفتێكی ئەوتۆمان نییە، بەهیوای ئەوەشین لایەنی بەرپرس هاوكاری تیپەكە بێت.