دەبێت كار بكرێت بۆ مانەوەی ئەو تیپە كە نازناوی پاڵەوانێتییەكەی نەرویجی بەدەستهێنا
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان لە جامی نۆر وەی كۆپ لە وڵاتی نەرویج لە یاریی كۆتایی ڕووبەڕووی یانەی هاندیگ گەیلۆی نەرویجی بووەوە، توانی یارییەكە بباتەوە و نازناوی جامەكەش بۆ یەكەم جار بەدەستبهێنێت و لە كۆی سەرجەم هەڵبژاردە بەشداربووەكان جامەكە بگەیەنێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەموو ساڵێك دوای كۆتایی هاتنی پاڵەوانێتییەكە تیپی هەڵبژاردەی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە تاكو ساڵێكی تر كار لەسەر ئەم هەڵبژاردەیە ناكرێت، بۆیە ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵان هەڵبژاردەی كوردستان بەسەرپەرشتی ئەرسەلان جەلالی ڕاهێنەر توانی نازناوی پاڵەوانێتییەكە بهێنێتەوە هەرێمی كوردستان، بۆیە دەستەی ڕاهێنەران پێیان باشە ئەم تیپە بەردەوام كاری لەسەر بكرێت، لە بارەی بەدەستهێنانی نازناوەكەش ئەرسەلان جەلال ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: هەر چەندە بە شێوەیەكی زۆر باش خۆمان ئامادە نەكردبوو، بەڵام توانیمان بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بچینە نێو كەش و هەوای پاڵەوانێتییەكە و ئامانجی خۆشمان پێكا لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و گەڕانەوەی نازناوەكە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی كە رووی لە وەرزشی هەرێمی كوردستان كردووە، بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامەش دەستكەوتێكی گەورەیە و پێویستە كاری لەسەر بكرێت و بپارێزرێت. ئێمە وەكو دەستەی ڕاهێنەرانی تیپ ئامادەین بۆ بەردەوامبوون لە كاری خۆمان و مانەوەی تیپەكە، بەڵام مانەوەی تیپەكەش پەیوەستە بە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، با بزانین بەرنامەی ئەوان چییە.
لە بارەی مانەوەی تیپەكەش ئەرسەلان جەلال وتی: بەڵێ زۆر شت هەیە دەبێت بكرێت بۆ مانەوەی ئەو تیپە، چونكە دەتوانین سوودێكی زۆریان لێ ببینین و ئەوان سەلماندیان كە یاریزانی كورد لە ئاستی خۆیەتی لەسەر ئاستی ئەوروپاش، بۆیە ئێمە وەكو دەستەی ڕاهێنەران لێیان ڕازین بەو ئاستەی پێشكەشیان كرد.
